منداڵێکی کچی شەش ساڵان لە لایەن باوکییەوە کوژرا

تەرمی منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ و نیو لە گوندێکی سەر بە شارەدێی جەبارەی خانەقین دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە، هێزە ئەمنییەکان تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە گوندی تەلنەقەر لە سنووری شارەدێی جەبارە لە شارۆچکەی خانەقین، هەواڵی ڕووداوێکی کوشتنی دڵتەزێن بڵاوکرایەوە، پۆلیسی جەبارە دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە، تەرمی منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ و نیویان دۆزییەوە.

 

هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ باوک و دایک و چوار خوشکی ئەو مندالە کچەیان دەستگیر کرد، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری وتی: تەرمی منداڵەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان و هیچ ئاسەوارێکی لێدان بە جەستەیەوە نەبووە جگە لەوەی سەری بڕدراوە.

 

دوای لێکۆڵینەوەی چڕ لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکە، باوکی کچەکە دانی بە تاوانەکەدا ناوە و وتی: پلانی پێشوەختەم بۆ کوشتنی کچەکەم هەبووە و خۆم تاوانەکەم ئەنجامداوە.