مەکەگە: ٣ی ئایار لە کوردستان و تورکیا ڕۆژی بەرخۆدانیە نەک تەنها ئاهەنگگێڕان
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە، کۆمەڵەی میزۆپۆتامیا داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ٣ی ئایار لە کوردستان و تورکیا بۆتە ڕۆژی بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوە نەک تەنها ڕۆژی ئاهەنگگێڕان.

ئامەد-ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ساڵانە لە ٣ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەکان، بەرگریکردن لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووبەڕووی سەرکوت و گۆشەگیری دەبنەوە لەکاتێکدا ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا لە ٣ی ئایاردا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، بە ناونیشانی "ئێمە قسەمان هەیە، پێنوسمان هەیە و خۆبەدەستەوە نادەین"، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی ٣ ئایار لە کوردستان و تورکیا بووەتە ڕۆژی بەرخۆدان و ڕووبەڕووبوونەوە، نەک ڕۆژی ئاهەنگگێڕان، ئازادی ڕۆژنامەگەری مافێکی گشتگیری مرۆڤە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ژن کە لە بواری ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کاردەکەن، لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا دەژین، ئەوانەی هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدەن، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و گرتن و هێرش و سانسۆری دیجیتاڵی و هەڵمەتی هەڵبەستراو دەبنەوە، هەواڵێک کە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرێت بە تاوان دادەنرێت و هەوڵ دەدرێت دەنگی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بکرێت”.
هەوڵی سەرکوتگەرانە بە ئامانجگرتنی ڕاگەیاندنی ئازاد
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە بەرامبەردا ڕۆژنامەنووسان لە ئاستێکی فراوانتردا ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، بەو پێیەی بەهۆی ناسنامەی سیاسی و ڕەگەزیانەوە دەکرێنە ئامانج، هەواڵ ئەوەیە کە دەنگی ژنان دیار دەکات، نایەکسانی ڕەگەزی ئاشکرا دەکات، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی سەرکوت دەبنەوە لەلایەن دەوڵەت و ڕاگەیاندنی پیاوسالاری و خزمەتگوزارییە ئاسایشیەکانەوە.
کۆمەڵەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە "هەموو ساڵێک لە ٣ی ئایاردا هەمان ڕاستیتان بیردەخەینەوە، دەڵێین، ئەگەر ڕۆژنامەگەری بێدەنگ بکرێت، هاوڵاتیان بێدەنگ دەکرێن، ئەگەر دەنگی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بێدەنگ بکرێت، ویژدانی کۆمەڵگە کوێر دەبێت، ئێمە ڕێگە بەم کارە نادەین"،ساڵی ٢٠٢٤ چەندین پێشێلکاری مافی ڕۆژنامەنووسانی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لەم پێشێلکاریانە، گرتن و دەستبەسەرکردن بە درێژایی ساڵ بەردەوام بوو، لانیکەم ١١٨ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران، ٣٠ ڕۆژنامەنووس دەستدرێژی جەستەیییان کراوەتە سەر و دەستڕاگەیشتن بە ٥ هەزار و ٢٦٠ هەواڵ بلۆک کراوە، ئەم وێنەیە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیادا نەک هەر پێشێل دەکرێت، بەڵکو بووەتە سیاسەتێکی دامەزراوەیی بۆ تۆقاندن، بەتایبەتی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن.
پراکتیکی ئەنجامدانی تاوان دژی ڕۆژنامەنووسان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا یادی ئەو کەسانە کرایەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، لەوانە هێرۆ بەهادین، گوڵستان تارا کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسەکە و کوژران، هەروەها ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین، نازم داشتانیش لە کاتی ڕووماڵکردنی پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کرانە ئامانج و کوژران. ئەم هێرشانە ڕادەی پێشێلکردنی مافی ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە کاتێکدا بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن و ئاشکرایان دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو، کۆتاییهێنان بە سەرکوت، توندوتیژی،بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان، گەرەنتیکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، ڕادەربڕین بۆ هەموو هاوڵاتیان لە دەستووردا کراوە، "چونکە بەرگریکردن لە مافی ڕای گشتی بۆ وەرگرتنی هەواڵ تاوان نییە، بەڵکو شەرەفە، بۆیە ڕێگە نادەین ڕاستی لە تاریکیدا ون بێت".
بەدواداچوون بۆ ڕاستی
کۆمەڵەی میزۆپۆتامیا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەردەوامی خەباتی خۆیان دووپاتکردەوە: ئێمە لە خاکەکانی میزۆپۆتامیادا بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێین، ڕێگە نادەین ڕاستییەکان لە تاریکیدا ون ببن، ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا پێنوس و کامێرا و دەنگەکانمان دەپارێزین لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی پیاوسالاری و سەرکوتکردنی دەوڵەت و سانسۆرێکی سیستماتیکی".