مەهناز نەمداری بە شێوازێکی مۆدێرن میراسی خەنە زیندوو دەکاتەوە

مەهناز نەمداری لە ڕێگەی دیزاینی ماکیاژ و خەنەی منداڵانەوە هونەر و میراس تێکەڵ دەکات، ئەم ئەزموونەشی نوێنەرایەتی ئاڵەنگارییەکی سەرکەوتوو دەکات لە ژینگەیەکی نەریتیدا، کە هونەر دەبێتە ئامرازێکی دەربڕین و بەهێزکردن.

ئیسرا عەزیزی

 

مەریوان- هونەری خەنە هونەرێکی کۆنە کە ژنان بۆ چەندین سەدەیە پراکتیزەی دەکەن، هێماکانی جوانی و شادی و ناسنامەی کولتووری بەرجەستە دەکات، لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە تا بۆنە تایبەتەکان، ژنان دەست و قاچەکانیان بە دیزاینی نەریتی دەڕازێننەوە کە چیرۆکی خۆشەویستی و ژیان و خەبات بەرجەستە دەکەن.

 

زرێبار، دەریاچە سیحراوییەکەی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا شوێنێکی گەشتیاری نییە، بەڵکو بەشێکی زیندووی ژیانی دانیشتووانەکەیە، هەروەها قۆناغێکە کە ژنانی وەک مەهناز نەمداری چیرۆکی ئاڵەنگاری و داهێنەریی تێدا نمایش دەکەن، کە شوێنەکە دەبێتە جیهانێک بۆ شکاندنی زنجیرەکان و دروستکردنی هونەر.

 

مەهناز نەمداری لە پشت مێزەکەیەوە وەستاوە و بە وریاییەوە کەرەستەکانی ئامادە دەکات، کە ڕەنگ و پێنووسەکان ئامادەن بۆ ڕازاندنەوەی دەموچاوی منداڵان و دیزاینی خەنە لەسەر دەستی ژنان، وتی: "من لە بواری ماکیاژکردنی منداڵان کاردەکەم، لە تاران و مەریوان بەشداریم لە خولی ڕاهێناندا کردووە، پێشتر ئەو خزمەتگوزارییانە لێرە بەردەست نەبوون، هەروەها  هیچ حەز و ئارەزووی بۆ یادی لەدایک بوونی منداڵان یان ئاهەنگگێڕان نەبووە، لە کاتێکدا ئەم هونەرە لە شارە گەورەکاندا بەربڵاو بووە".

 

هەروەها بە جۆش و خرۆشەوە سەیری ئەو منداڵانە دەکات کە لە دەوری مێزەکە کۆبوونەتەوە، وتی: "ماوەی چوار ساڵە کارەکانم لە زرێوار پراکتیزە دەکەم، من لە ماکیاژکردنی منداڵان و دیزاینکردنی نەخشی خەنە بۆ ژنان سەرکەوتووم، من تاکە ژنم لێرە کە لەم بوارە هونەریەدا کاردەکەم، سەرەتا زۆرێک لەو بوارەدا نەیاندەزانی و بە سادەیی مامەڵەیان لەگەڵدا کرد، بەڵام زۆری نەخایاند سەرنجی ڕاکێشان و بوو بە بەشێک لە ئاهەنگ و بۆنە و ئاهەنگەکانیان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستم بە کێشانی خەنە کردووە، چونکە هونەری تاتۆکردنم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام تاتۆ هەمیشەییە، ڕەنگە مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات لێی بێزار بێت، لەکاتێکدا خەنە کاتییە و ئازادی نوێکردنەوەم پێدەبەخشێت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بۆی، پێنووسەکەی گرت و دەستیکرد بە ڕەنگکردنی دەستی منداڵێکی بچووک.

مەهناز نەمداری پێی وایە کارکردن لە زرێوار سەرەڕای سرووشتی دەوروبەری، بێ ئاستەنگی نییە، هەروەها وتی: "هەموو پیشەیەک ئاڵەنگاری خۆی هەیە، بەڵام بۆ ژنان لە ژینگەیەکی زۆرینەی پیاوان وەک زرێوار ئاڵۆزترە، بۆ من ئاسان نەبوو لێرەوە دەست پێبکەم، بەڵام من ئاڵەنگاریەکەم  قبوڵ کرد و بە سۆز و سەبرەوە بەردەوام بووم، ئەمڕۆش خەڵک زیاتر قبوڵ و هاندانی ئەو شتانە دەکەن کە پێشکەشی دەکەم".

 

ئەو بیر لە دیزاینەکانی خەنە دەکاتەوە، وتی:"هەندێکجار ئێمە هێمایەک دروست دەکەین کە یادەوەری جوان و ورووژێنن و لەلایەن ژنانەوە زۆر پێزانینیان بۆ دەکرێت، ئەو دیزاینانەی بە درێژایی مێژوو دەموچاو و دەستی ژنانیان ڕازاندوەتەوە بینەرێکی زۆریان هەیە، منیش بە خەنە بە شێوازێکی هونەری تایبەت دروستیان دەکەمەوە، ئەم دیزاینانە ماناکانی ژیان و خۆشەویستی و خەبات و بەها قووڵەکانی دیکە بەرجەستە دەکەن کە گرنگییەکی تایبەتیان هەیەبۆ ژنان''.

 

ڕوونیشیکردەوە، "لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە ڕەنگ و بۆنێکی نوێم بۆ زرێوار زیادکرد، ئەو منداڵانەی چاوەڕێی ماکیاژەکەیان دەکەن، ئەو ژنانەی دێن تاتۆی خەنەیان بۆ بکەن، هەروەها جوانی ئەو شوێنەی کە هاوکار بووین لە ڕازاندنەوەیدا، هەموویان نیشانەی توانای ژنانن بۆ بەشداریکردنی چالاکانە و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، لێرە زرێوار دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ جیهانی ئابوری و هونەرێکی  زیندوو بۆ ژنان".

هونەری خەنە تەنیا لە ڕازاندنەوەدا سنووردار نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ خۆدەرخستن و بەهێزکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵی ژنان، بەستنەوەی بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە باڵادەستی پیاوان زاڵە، مەهناز نەمداری بە زیندووکردنەوەی ئەم دیزاینانە لە زرێوار نەک هەر خۆشی و جوانی بۆ شوێنەکە زیاد دەکات، بەڵکو بەشداری دەکات لە پاراستنی میراسی کولتووری ژنان و ئاشناکردنی نەوە نوێیەکان بە بەها هونەری و ڕەمزییەکانی.