مەحبوبە ڕەزایی: کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکییە لە هەڵگیرساندنی جەنگ
مەحبوبە ڕەزایی، زیندانی سیاسی دەڵێت: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاگری جەنگێکدا دەسووتێت کە کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکییە، بە پشتیوانی هاونیشتمانیان پێکەوە دەوەستین تا خۆری ئازادی هەڵدێت.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران و پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـی ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەك هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.
مەحبووبە ڕەزایی، زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، دژی شەڕی نێوان ئیران و ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
مەحبووبە ڕەزایی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاگری جەنگێکدا دەسووتێت کە کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکی ئەو جەنگەیە، ئەم ڕژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارە ساڵانێکە سامانی نەتەوەیی ئێمەی بۆ ئایدیۆلۆژیا و شەڕخوازی ناوچەکە خەرج کردووە.
وتیشی: سەرکردەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات و ژیانی خۆیان ڕەتی دەکەنەوە دەست لەکاربکشێننەوە و شکست قبوڵ بکات و خەڵکی بێتاوانیان کردووە بە قەڵغانی مرۆیی خۆیان.
جەختی لەوە کردەوە، ڕاپەرینی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، لەسێدارەدانی منداڵە قارەمانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئاگرەکانی دارستانەکانی زاگرۆس لە دڵماندا نەخشێنراون و لەبیریان ناکەین، بە پشتیوانی هاونیشتیمانییانی نیشتمانپەروەر پێکەوە دەوەستین تا خۆری ئازادی لە ئاسمانی وڵاتەکەدا هەڵدێت و لە وڵاتێکی ئازاد و خۆشگوزەراندا پێکەوە بە ئاشتی دەژین.
لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ مەحبووبە ڕەزایی لە لایەن لقی ٢٨ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی “بێ ڕێزیکردن، گردبوونەوە و پێلانگێڕی دژی دەوڵەت، ئەندامێتی لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ٢٦ ساڵ و ١١ مانگ زیندانییکردن سزا درا، کە حەوت ساڵ و نۆ مانگ لە سزاکەی جێبەجێی دەکرێت، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٦ دەستگیرکرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زیندان مایەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢ ئازاد کرا.