مەگەکە بەڵگەنامەی سەرکوتی ژنانی ڕۆژنامەنووسی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاوکردەوە

ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا، پەرەسەندنێکی بێ وێنەی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی ڕۆژنامەنووس ئاشکرا کرد، لە چوارچێوەی شەڕ و سەرکوتی سیستماتیکیدا کە ڕۆژنامەگەری گۆڕی بۆ ئامانجێکی ڕاستەوخۆ، هەوڵی بێدەنگکردنی ڕاستییەکان دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "مەکەگە" ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٥ سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان پەرەسەندنی سەرکوت و شەڕدا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە.

 

 مەکەگە لە میانی کۆنگرەیەکدا کە لە بارەگای کۆمەڵەکە بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕاگەیاند.

 

ڕۆزا متەتینا، سەرۆکی کۆمەڵەکە، ڕاپۆرتەکەی بە زمانی کوردی خوێندەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ساڵی ٢٠٢٥ شایەتحاڵی بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی ڕۆژنامەگەری بووە بە ئامانجی لێسەندنەوەی پێگەی ڕۆژنامەگەریی وەک مافێکی گشتی و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان و تێکدانی ڕۆڵی چاودێریکردنی میدیا.

 

 لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆژنامەنوسان دەستگیرکران و دەستبەسەرکران، لێیان دەدرا، هەڕەشەیان لێدەکرا، دەکرانە ئامانج و فشارێکی یاسایی درێژخایەنیان لەسەر بوو تەنها بەهۆی ئەنجامدانی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیانەوە، لەم پرۆسەیەدا چالاکی ڕۆژنامەوانی وەک تاوانێک وێنا دەکرا، هەروەها ڕاپۆرتە هەواڵییەکان و چاوپێکەوتنەکان و پۆستەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بوونە ئامرازی سزادان. ئامانجکردنەکە تەنها ئاراستەی ڕۆژنامەنووسانیش نەکرابوو بە مافی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.

 

”چاپەمەنی ئازاد ئامانجی ڕاستەوخۆی سیاسەتی سەرکوتگەرانە”

ڕۆزا متینا ڕوونیشیکردەوە، ئەوەی ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ بێدەنگکردن و کۆنترۆڵکردنی ڕۆژنامەگەری، هەر پارچە هەواڵێک، پرسیارێک یان هەوڵێک بۆ کارکردن لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی دەسەڵاتدا سەپێنراوە، بەرەوڕووی سەرکوتکردن بووەتەوە،ڤئەم ڕاستیە هەوڵێکی ڕوون ئاشکرا دەکات بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە ئازادی ڕۆژنامەگەری بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵپەسێردرێت.

 

ئێمە ڕووبەڕووی دەستێوەردانی ڕێکخراو دەبینەوە کە ئامانجی نەهێشتنی ڕۆژنامەگەری ئازادە، چاپەمەنی کە ڕاستیەکان دەگەیەنێت و ناوەندەکانی دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە و نوێنەرایەتی دەنگی کۆمەڵگە دەکات، بووەتە ئامانجی ڕاستەوخۆی سیاسەتە سەرکوتگەرەکان، بۆیە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەگەری چیتر تەنها هێرشێکی پیشەیی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێک لە خەباتێکی سیاسی.

 

”هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا”

ڕۆزا متینا ئاماژەی بەوەدا، کە ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی کراونەتە ئامانج بەهۆی ڕووماڵکردنی پرسە هەستیارەکانی وەک ژنکوژی، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، زیندانەکان، سیاسەتی سەرپەرشتیکردن، شەڕ، کۆچکردنی زۆرەملێ و توندوتیژی دەوڵەت، هەروەها هەموو ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم پرسانە وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرێت بۆ سەر سیستەمی بێدەنگی کە دەسەڵات هەوڵی سەپاندنی دەدات، سزا دەدرێت، بۆیە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان تەنها پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری نییە، بەڵکو هێرشێکی ئایدیۆلۆژییە بۆ سەر ئازادی ژنان و یادەوەری بەکۆمەڵ و خودی ڕاستی.

 

جەختی لەوە کردەوە، دەسەڵاتی دادوەری لە ساڵی ٢٠٢٥ وەک ئامرازێک بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان لەبری پاراستنیان بەکارهێنراوە، بە تۆمەتی ناڕوون لێکۆڵینەوە و داوای یاسایی کرایەوە، بە ئامانجی هێشتنەوەیان لە ژێر فشار و بەهێزکردنی خۆسانسۆری، هەروەها رۆژنامەنووسان لەکاتی هەڵمەتەکانی بەیانیدا بەهۆی ڕاپۆرتەکانیانەوە دەستگیر دەکرێن، لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا لێیان دەدرا، دەستیان لە پشتیانەوە بەسترابوو، دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگیرێت، جگە لەوەش دەستگیرکراوانی زیندانەکان لە یەکتر جیا دەکرانەوە.

 

ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی دیکە کرد لەوانە جیابوونەوەی زۆرەملێ لە خێزان و شوێنی کار، گواستنەوەی زۆرەملێ لە نێوان زیندانەکاندا، پێشێلکردنی مافی چاودێری تەندروستی، دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی ڕۆژنامەوانی، هەروەها هەڕەشە و هەڵمەتی چەواشەکاری لە کایەی دیجیتاڵیدا.

 

”ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد ڕووبەڕووی دوو چەوسانەوە دەبنەوە”

ڕۆزا متینا دووپاتی کردەوە، کە ڕۆژنامەگەری لە سەرتاسەری کوردستان بووەتە ئامانجی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردن، هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و تاوانی جەنگ و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە بەڵگە دەکەن، تووشی فشاری توندی دەوڵەتان و گروپە چەکدارەکان دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژنامەنوسانی کورد بەتایبەت ژنان بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕەگەزەکەیانەوە دوو هێندە فشار ڕووبەڕووی دەبنەوە، سیاسەتەکانی شەڕ و ئاسایش لە ناوچە کوردنشینەکاندا ڕۆژنامەگەری دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی ڕاستیەکان نەگاتە بۆچوونی گشتی، بەمەش بەشدارن لە شاردنەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە گەلی کورد تووشی بووە.

 

ڕوونیشیکردەوە، پەرەسەندنی شەڕ و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٥ هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەگەری، بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، فەڵەستین، عێراق و ڕئژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی بۆردوومان و دەستگیرکردن و هەڕەشە و سانسۆر بوون, ڕاستیەکان دەیسەلمێنن کە شەڕ تەنها بە چەک بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی زانیاری و یادەوەری و ڕاستییەوە، لە چوارچێوەی سیاسەتە هەژموونگەرییەکاندا.

 

”داواکاری کۆمەڵەی مەکەگە”

ڕاپۆرتەکە بە لیستی داواکارییەکان کۆتایی هات، دیارترینیان:

بێ تاوان کردنی ڕۆژنامەگەری و دەستبەجێ کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و فشارێک لە دژی ڕۆژنامەنوسان.

ئازادکردنی سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی ڕاگیراون یان دەستگیرکراون.

 

کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان، دڵنیابوون لەوەی کە هەواڵ و چاوپێکەوتن و پۆستەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە زەمینە بۆ تۆمەتبارکردن نازانرێت.

 

مسۆگەرکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکاندا، بەتایبەتی سەبارەت بە تەندروستی، پەیوەندی، کار و ئازادی ڕادەربڕین، کۆتاییهێنان بە زیندانی تاکەکەسی و گواستنەوەی زۆرەملێ و سزای ئارەزوومەندانە.

 

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی جەستەیی و هەڕەشە و ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی میدیایی لەلایەن هێزکانی ئاسایشییەوە، لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم پێشێلکاریانە.

 

کۆتاییهێنان بە سانسۆر و داخستن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن لەسەر میدیای دیجیتاڵی، مسۆگەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەی ئۆنلاین.

 

جێبەجێکردنی میکانیزمی پاراستنی کاریگەر لە بەرامبەر هەڕەشە، ئازاردانی سێکسی و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کە ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج.

 

کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و هەڵمەتە سەربازییەکان بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووسانی کورد.

 

پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سووریا و فەڵەستین و عێراق و ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی ئازادی ڕادەربڕین دەکات بێدەنگی خۆیان بشکێنن و میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوە چالاک بکەن.

 

دووپاتی دەکاتەوە، کە ڕۆژنامەنووسان سەرەڕای هەموو فشارەکان بەردەوام دەبن لە ڕاپۆرتکردنی ڕاستیەکان و گەورەکردنی دەنگی ژنان و گەلان و ستەملێکراوان و داوای هاودەنگی و تێکۆشانی هاوبەشی زیاتر دەکەن.

 

’’پێشێلکارییەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ساڵی ٢٠٢٥شایەتحاڵی: هێرشکردنە سەر ١٨ ڕۆژنامەنووس، هەڵکوتانە سەر ماڵی دوو ڕۆژنامەنووس، دەستبەسەرکردنی ٢٨ ڕۆژنامەنووس، بانگهێشتکردنی ١٦ڕۆژنامەنووس بۆ لێپرسینەوە، دەستگیرکردنی ١٤ڕۆژنامەنووس، هەروەها خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ٢٢ ڕۆژنامەنووس، هەڕەشەکردن لە ١٨ ڕۆژنامەنووس، قەدەغەکردنی ٢٠ ڕۆژنامەنووس لە ڕاپۆرتکردن، تۆمارکردنی ١١ پێشێلکاری لەناو زیندانەکان، کردنەوەی لێکۆڵینەوە لە دژی ١٦ ڕۆژنامەنووس، تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ٢٥ ڕۆژنامەنووس، و سزادانی ٢٢ ڕۆژنامەنووس بە کۆی گشتی ٣١ ساڵ و ٥ مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانیکردن، لە ڕاپۆرتەکەدا سەرپێچی بە کۆی گشتی ٤٠ هەزار و ٣٨٠ لیرەی تورکی، بەردەوامبوونی دۆسیەکان لەسەر ١٠١ ڕۆژنامەنووس، بەردەوامی زیندانیکردنی دوو ڕۆژنامەنووس، دەرکردنی ١٧ ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیان، داخستنی سێ ماڵپەڕ، بلۆککردنی ٢٧ بڵاوکراوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سەرکوتکردنی یەک بابەتی هەواڵ کە بەڵگەی لەسەرە، لە نێو ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراودا خەدیجە دومان، خاوەن و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئتیلم و ئۆزدن کنیک کە پێشتر کارمەندی تی ئاڕ تی بووە.