مەدالیای ئاڵتونى کارین بەخشرایە پێنج ژنە بەخێوکاری نەوەى ئەنفال

بۆ بەرز ڕاگرتنى یادی ٣٣ ساڵەى تاوانى ئەنفال، پەردە لە سەر پەیکەری مۆنۆمێنتى ئەنفال لادرا و خەڵاتى کارین بەخشرایە پێنج ژنى بەخێوکاری نەوەکانى ئەنفال .

بۆ بەرز ڕاگرتنى یادی ٣٣ ساڵەى تاوانى ئەنفال، پەردە لە سەر پەیکەری مۆنۆمێنتى ئەنفال لادرا و خەڵاتى کارین بەخشرایە پێنج ژنى بەخێوکاری نەوەکانى ئەنفال .

گەرمیان

 

بەیانی ئەمڕۆ، لە شارەدێی سەرقەڵای سنوری شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان، لەلایەن ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، لەمەراسیمێکدا پەردە لەسەر مۆنۆمێنتکی تایبەت بە تاوانی ئەنفال لادرا.

 

پەیکەری مۆنۆمێنتی ئەنفال دەکەوێته سەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی کەلار - کفری، لەنێوان گوندی وەلی هەیەر و شارەدێی سەرقەڵا، بیرۆکەی پەیکەرەکە لەلایەن هونەرمەند ساڵح نەجاڕە و ١٨٢ سەرە مرۆڤی تێدایە وەک گوزارشتێک لە ١٨٢ هەزار مرۆڤی زیندەبەچاڵ، ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە کوردستانی باشوور تێچووی دروستکردنەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

 

لە مەراسیمەکەدا بەڕێز کارین سەرۆکی ڕێکخراوی هاوکای ئەڵمانی، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێدا باسی لە گەورەیی تاوانی ئەنفال کرد و ئاماژەی بەکارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بۆ پرسی ئەنفال دا، هەروەها تیشکی خستە سەر خەڵاتی ساڵانەی ڕێکخراوەکەیان بۆ ژنانی ئەنفال.

 

لەبەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی گەرمیان، وتەیەکیان پێشکەشکردو دواتر پەردە لەسەر مۆنۆمێنتەکە لادرا.

 

لەکۆتا بەشی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ئاڵتونی "کارین" بەخشرایە پێنج ژنی ڕزگاربووی ئەنفال، کە دوای تاوانی ئەنفال مناڵەکانیان بەخێو کردووە و ڕزگاریان کردوون.

 

خەڵاتى کارین، خەڵاتێکى ساڵانەیە و لە ساڵیادى تاوانى ئەنفالدا بۆ پێنجەمین ساڵە ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانى دەیبەخشێتە ئەو ژنانەى کە منداڵانى ئەنفالیان گەورە کردووە و ماندووبون لە پێناو پێگەیاندنى منداڵانى ئەنفالدا.

 

ت.پ