ماوەی چەند ڕۆژێکە هاوڵاتییانی بەهایی دەستبەسەر کراون
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی کرمان ئازاد کراون. بەڵام تا ئێستاش نزیکەی ٢٠ کەس کە شاکیلا قاسمی لە ناویاندایە لە زینداندا ڕاگیراون.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەرەڕای هێرشە توندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران، ژمارەیەکی زۆر ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی کرمان ئازاد کراون. بەڵام تا ئێستا نزیکەی ٢٠ کەس لە زیندانەکان ماون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی ئێران وایر بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە بەشێک لە زیندانییەکان ئازاد کراون، بەڵام چوار هاووڵاتی بەهایی بە ناوەکانی شاکیلا قاسمی، پەیوەند نەعیمی، ئەدیب شەهبازپوور و بۆرنا نەعیمی، هێشتا لە زینداندان و دەسەڵاتداران کەفالەتیان بۆ قبوڵ ناکەن.
شاکیلا قاسمی ڕۆژی ٤ی شوبات لە لایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە کرمان دەستبەسەر کرابوو، سەرەڕای بانگەوازی چەندین جار بنەماڵەکەی، هێشتا شاکیلا قاسمی لە ژێر چاوەدێری ئەو دەزگا ئەمنیەتییە دەستبەسەرە.