ماوەت و قەندیل و چۆمان بۆردومان کران
لە درێژەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، سنووری گوندی گەڵاڵەی شارباژێرو ناوچەکانی بناری قەندیل و چۆمان لە سنووری هەولێر بۆردومان کران.
ناوەندی هەواڵ
کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەمشەو دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بە چڕیی بۆردوومانی سنووری چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر و چیای ئاسۆسی سەر بە پارێزگای سلێمانییان بۆردوومان کردووە.
ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ٩:٠٥ خولەکی شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەواری مەڕدارەکانی گوندی کوێرەکانی “کە هەواری ڕەوەندەکانی بەری مەرگەیە” و چیای ئاسۆس’یان لە شارۆچکەی ماوەت بە چڕی بۆردوومانکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر ٩:٤٠ خولەکدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، دوو جار "شاخی کۆخە"یان لە نزیک گۆمی بێکۆدیان لە شارۆچکەی چۆمان بۆردوومان کرد، بەهۆی بەهێزی بۆردوومانەکە، دانیشتووانی شارۆچکەی چۆمان هەستیان بە بۆردوومانەکە کردووە.
هەر لە درێژەی هێرش و بۆردومانەکان، ناوچەکانی بناری قەندیلیش بۆردومان کران.