ماریا پەناهی بە هەڵکۆڵین لەسەر دار هاواری ژنانی زیندانی دەگەیەنیت

ماریا پەناهی، هونەرمەند کە بەرخۆدانی ژنانی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا لەسەر دار نەخشاندووە و هەڵکەندووە، وتی: بەرخۆدانی ئەو ژنانەی کە لە مێژووەوە تا ئێستا تێکۆشانیان کردووە لەسەر تەختەیەکی دار هەڵمکەند، بۆ ئەوەی لەبیر نەکرێن.

بێریڤان ئیناتجی

 

سلێمانی-ماریا پەناهی، هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و حەزی لە دارتاشین و پەیکەرسازییە، لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی بە کاری هونەری کردووە، هەرچەندە ئەزموونی نەبوو، بەڵام خولیای بۆ هونەر بەهێز بوو.

 

ماریا پەناهی شانازی بە هونەری دارتاشی خۆیەوە دەکات و وتی: شاری زێدی من بە هونەرەکەی ناسراوە، بناغەیەکی لە ئەدەب و مۆسیقا و پەیکەرسازیدا هەبووە، هەر بۆیە فێری دارتاشی بووە، کە خۆی لە خۆیدا نوێنەرایەتی جیهانێکی فراوانی زانین و پەیوەندی دەکات.

 

"پەیوەندییەکی ناوازە لەنێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست دەبێت"

ئەو جۆرە دارەکانی ڕوونکردەوە: داری گوێزی قاوەیی هەیە کە لە نەخشاندندا بەکاردەهێنرێت، هەندێکجار ڕەنگێکی ڕەشی هەیە، داری نەرمی گوێزی هیندی هەیە، بەهەمان شێوە لە نەخشاندندا بەکاردەهێنرێت، ئەبنۆسی ڕەش هەیە، دەوترێت لە هیندستان بە شێوەیەکی زۆر هەیە، درەختی ئەکاسیای سەوز و دار کاراتی سوور هەیە، هەموو تایبەتمەندییەکی ئەم دارانە پەیوەندییەک دروست دەکات کە دەتگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمان ئەو قۆناغانەی مرۆڤ پێیدا تێدەپەڕێت، درەختێکیش ئەزموونی دەکات، لە ساتەوەختی گەشەکردنیەوە تا ئەو ساتەی دەبێتە دار، کە دواتر دروێنە دەکرێت بۆ دروستکردنی بەرهەمێک کە لە خۆیدا گرنگی و واتایەکی تایبەتی هەیە، کاتێک ئەم واتایە دروست دەبێت، پەیوەندییەکی ناوازە لەنێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست دەبێت، کە مرۆڤ هەست دەکات هونەرەکەیان بووەتە هونەری تێگەیشتن، جیاواز لە هونەری مۆدێرن کە بە ئەبستراکت ناسراوە، واتە نەبوونی تێگەیشتن،  هەروەها پێی دەوترێت 'پارناسیزم'، کە بە واتای هونەر لە پێناو هونەردا دێت.

 

"تێکۆشان بۆ ناسنامە بەرجەستە دەکەم"

سەبارەت بە تابلۆکانی، ماریا پەناهی بە جۆش و خرۆشەوە، وتی: ئەو تابلۆیەی ئێستا دروستی دەکەم، بەرجەستەی ئەو ژنانەیە کە هەمیشە لە پێناو شوناس و کۆمەڵایەتیبووندا تێکۆشانیان کردووە، لە سەرەتای کۆمەڵگەوە تا ئێستا،لەم تابلۆیەدا خوداوەندی ستار و نینهورساگم وێنا کردووە کە بە خوداوەندی شاخ ناسراوە.

 

لە ڕووی مێژووییەوە ڕۆڵی مەرزیە ئەحمەدی ئوسکوی، ژنێکی شۆڕشگێڕ و لە دایکبووی شاری ئوسکۆی ئێران لە ساڵی ١٩٤١دا گێڕاوە، مامۆستا، شاعیر، نووسەر و ئەندامی ڕێکخراوی فێدایینی گەل بووە، کە ڕێکخراوێکی سیاسییە و لە دژی کۆلۆنیالیزم و ڕژێمی پەهلەوی تێکۆشانی کردووە، لە ٦ی ئایاری ١٩٧٤ چووە لای هاوڕێکەی بۆ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە لە بۆسەیەک، لەگەڵیدا کەوتە ناویەوە، تا شەهید بوو بە ئازایەتی شەڕی کرد.

 

هەروەها تابلۆکانی ژیانی مینا کشوار کەمال نیشان دەدەن کە لە ساڵی ١٩٥٦ لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان لەدایک بووە، چالاکوان و نووسەرێکی سیاسییە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان (ڕەوا)، تێکۆشانێکی بێهاوتای لە بەرگریکردن لە ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەبرد، لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری کویتەلە پاکستان تیرۆرکرا.

 

پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دیارترین بابەتەکانی ئەون

هەروەها ماریا پەناهی دەستی خستۆتە سەر ئەو واتایە قووڵانەی لە تابلۆکەیدا گەیاندراون و ڕوونی کردەوە کە ئیلهامەکەی لە دوو تەوەری سەرەکییەوە وەرگرتووە، کاتێک بیر لەم مێژووە دەکەمەوە، خۆم دەبینمەوە کە ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبمەوە کە لە دەوری شاردنەوە و ڕاستی و جێگرەوەدا ناوەندە، یان ئێمە ژیانێکی بێ واتا دەژین، یان بە هۆشیاری و کەرامەتەوە دەیژین، ئەم پرسیارە دەمباتە سەر ئەوەی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ڕوویدا، کاتێک ڕژێمی ئێران پەجشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕفاند، بەردەوام لە ئەشکەنجەدان و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

وتیشی: هەموو ئەو چالاکوان و کەسایەتیانەی باسم کردووە نوێنەرایەتی تارێکی هاوبەش دەکەن لە تێکۆشان بۆ ناسنامە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگی مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵگە و سروشتدا، ئەمە ئەو پەیامەیە کە تابلۆکانم هەوڵی گەیاندنی دەدەن.

 

تێکۆشانێکی گەورە و بێکۆتایی

ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەم ئەزموونانە دەبنە هۆی ناوەڕۆکی ڕاستی: ڕاستی تێکۆشانێکی گەورە و بێکۆتایی، تابلۆکەی لە پیت و وشە و دێڕ پێکهاتووە، لەگەڵ وێنەیەک کە کێشاویەتی، ڕوونیشیکردەوە ئەو وێنەیەی لەسەر دار هەڵکەندووە، نوێنەرایەتی هەموو ئەو ژنانە دەکات کە لە سەرەتای مێژووەوە تا ئێستا تێکۆشانیان کردووە.

 

کارەکتەری پەخشان عەزیزی و ئەو تێکۆشانەی کە پێشتر لە ڕێگەی نەخشاندنی دارەوە باسی دەکرد، بەرجەستە کردووە، هەروەها ئەو فەلسەفەیەی وەبیرهێناوە کە ساکینە جانسیز باسی کردووە و وتی: ژیانم هەمیشە جەنگ بووە، ئاماژە بە تێکۆشانی خۆی لە ناو پەکەکە، یان تەنانەت پێش ئەوە کردووە، کە ناوی ئەم تابلۆیە بریتییە لە: ژیانم هەمیشە شەڕ بووە.