مانگی سووری کوردی ئاشکرایکرد سێ لە ئەندامەکانی بە بارمتە گیراون
مانگی سووری کوردی ڕایگەیاند، سێ لە ئەندامەکانی کە سەرجەمیان کارمەندی چاودێری تەندروستین، لە هێرشەکانی چەتەکانی هەتەشە، بە پشتیوانی تورکیا، بۆ سەر نەخۆشخانەکان بە بارمتە گیراون.
قامیشلۆ
لە ٦ی کانوونی دووەەوە چەتەکانی هەتەشە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەلەبی سوریا کۆمەڵکوژییەکی ترسناک دژی سەدان منداڵ و ژن ئەنجام دەدەن، ئەوان ئەم تاوانانەیان بە ئاشکرا ئەنجامداوە، نەخۆشخانەکانیان کردووەتە ئامانج بە تۆپباران و کوشتن و دەستگیرکردنی کارمەندانی پزیشکی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرادا کە دەکاتە تاوانی جەنگ.
مانگی سووری کورد لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ١٢ی کانوونی دووەم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەستبەسەرکردنی سێ لە ئەندامانی وەک بارمتە لەلایەن حکومەتی کاتی سووریاوە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە، کە لەم دواییانەدا سێ ئەندامی مانگی سووری کورد لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب لەلایەن حکومەتی کاتی سووریاوە دەستگیر کراون، ڕوونیشی کردۆتەوە، کە ئەرکی مانگی سووری کورد سنووردارە بە کاری مرۆیی و پێشکەشکردنی فریاگوزاری سەرەتایی و هاوکاریی پزیشکی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
جەخت لەوە کراوەتەوە کە تیمەکانی مانگی سووری کوردی بە تەواوی لە بواری مرۆیی و دوور لە هەر ئەجێندایەکی سیاسی و سەربازی کار دەکەن.
جەختی لەوە کردەوە، کە دەستبەسەرکردنی تیمەکانی مانگی سووری کورد پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان مسۆگەری پاراستنی کارمەندانی پزیشکی و فریاگوزاری لە کاتی ململانێکاندا دەکەن.
داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هاوکارەکانی و گەرەنتی بۆ پارێزراوییان و گەڕانەوە بۆ ئەرکە مرۆییەکانیان کرد، هەروەها حکومەتی کاتی بە تەواوەتی بەرپرسیارێتی لە هەر زیانێک کە بەسەریاندا بێت، داوای لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کرد بە پەلە دەستێوەردان بکەن، جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە بنەماکانی کاری مرۆیی و پاراستنی تیمەکانی پزیشکی و فریاگوزاری لە هەر جۆرە دەستگیرکردنێک یان بە ئامانجگرتنێک کردەوە.
ئەو سێ ئەندامەی کە دەستگیرکراون بریتین لە: یوسف حەنان حەمۆکۆ، شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری، عەبدول ڕەحمان عەبدە، پەرستار، ڕامی حسێن عەلی سەرۆکی تیمی پزیشکی.