مانگی سووری کوردی بانگەوازێکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاودەکاتەوە

مانگی سووری کوردی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بانگەوازێکی مرۆیی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب.

ناوەندی هەواڵ

 

مانگی سووری کوردی لە حەسەکە ڕایگەیاند، کاروانێکی فریاگوزاری ١٥ئۆتۆمبێلی بەرەو گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی شاری حەلەب ناردووە، بە ئامانجی گواستنەوەی بریندارەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی.

 

مانگی سووری کوردی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ ٩ی کانوونی دووەم، لە بارەگاکەی لە شاری حەسەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشدارییدا لە تێکچوونی مەترسیدار لە دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب، ئەویش لە ئەنجامی هێرشەکانی گروپە جیهادییەکانی هەتەشەوە.

 

ئەم هۆشدارییە لە ئەنجامی هێرشە توندوتیژەکان دێت کە ماوەی چوار ڕۆژە بە بەکارهێنانی چەکی قورس بەردەوامە، لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، کە ١٣ کەسیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆردومانەکان ماڵە مەدەنییەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی کردە ئامانج و دۆخێکی مرۆیی کارەساتباریان دروستکرد، لە کاتێکدا دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید نزیکەی پێنج مانگە لە گەمارۆیەکی توندا دەژین، هەروەها هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکان بەتایبەتی لە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکاندا کەمبوونەتەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی هێرشبەر تا ئێستا ڕێگریان کردووە لە هاتنە ناوەوەی هەر دامەزراوەیەکی پزیشکی یان مرۆیی بۆ ناو شارەکە بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بریندار، هاوکات جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی ڕوودەدات پێشێلکارییەکی ڕوونە بۆ ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا مانگی سووری کوردی داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کرد، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، هەروەها کاربکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ هێرشەکان بوەستێنن کە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت بکەنەوە، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ چوونە ناو ئەو دوو گەڕەکە بۆ گواستنەوەی برینداران و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی ڕادەگەیەنێت.