مانگی سووری کورد: منداڵێکی دیکە لە کۆبانێ گیانی لەدەستدا
مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆدان و سەرماوە، منداڵێکی دیکەی دانیشتووی کۆبانێ گیانی لەدەستداو بەمەش تا ئێستا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
چەند رۆژێکە شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی گەمارۆدراوە و رێگەکانی شارەکە بە دەرەوە بە تەواوی داخراون و کارەبا، ئاو و دەرمانی لێبڕاوە.
مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند ئەمڕۆ منداڵێکی تر لە کۆبانێ بەهۆی سەرماو نەبوونی خۆراکەوە گیانی لەدەستدا، بەمەش تا ئێستا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، منداڵەکان بەشێکیان دوێنێ گیانیان لەدەستداوە؛ تەمەنیان دوو مانگ، سێ مانگ، دوو ساڵ و چوار ساڵن.
مانگی سووری کورد رایگەیاندووە، بەهۆی دابەزینی زۆری پلەی گەرما، نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە و کەمیی پێداویستییە پزیشکییە بنەڕەتییەکانەوە منداڵەکان گیانیان لەدەستداوە.