"مانگی گوڵان، مانگی گەشانەوەی گوڵە بەیبوونەکانە"
لە یازدەیەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی شیرین عەلەمهولی و ٤٧ هەمین ساڵیادی لەیلاقاسم و ٢٩ هەمین ساڵیادی هۆزان مزگین و ٢٤ هەمین ساڵیادی گیانفیدایانی كۆمەڵكوژی هەولێردا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بەیاننامەیەک گیانبەختکردووانی مانگی گوڵان/ئایار بەبیردەهێنێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا گیانفیدایانی مانگی گوڵانیان بەبیرهێنایەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاشكرایە كاتێك كۆمەڵگاكەمان رووبەرووی زۆرترین زوڵم بۆتەوە ژنانی پێشەنگ و شۆرشگێریش هەوڵیان داوە بە چالاكی جەرگبڕ وەڵامی دوژمنان بدەنەوە. لە بەرامبەردا داگیركەران بە پەت و ئاگر و ئاسن وەڵامیان داوەتەوە ئەمانەش گوزارەیە لە بێ ئیرادەیی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر شۆرشگێران، مانگی گوڵان وەکو مانگی گەشانەوەی ژنانی کورد بە هاوشێوەی گوڵە بەیبون دادەنرێت و لەم مانگەدا بە درێژایی مێژوو لە ساڵە جیاوازەکاندا قارەمانانی ژنان لە باشوور و باکوور و رۆژهەڵات ناسنامەی ژنانی گەلی کوردیان ناساندووە بە هەموو جیهان.
وێڕای ئاشناکردنی گیانفیدایانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕژاک ئاماژەی بەوەدا: ئێمەی ژنان دەزانین هێرش و پەلاماردانەکانی دوژمنان کۆتایی نەهاتووە و دژوارتر بووە، بەتایبەت لە باشوری کوردستان و عێراقدا کە لە بەردەوامی سیاسەتی نادیموکراتی و گەندەڵی زۆربوونی توندوتیژییەکان لەسەر ژنان و منداڵ هاتووەتە ئاراوە، سەرچاوەکەشی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیایە لە هەرێمدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان پێویستە بە بەرۆحی شیرین و لەیلاكان تێكۆشان بكەین و بەچالاكی دیموكراتیانە و بەئیرادەی پۆڵاینی شەهیدانی سێدارە و شەهیدانی بەرخۆدانی هەولێر، هەموو تواناكان بخەینە گەڕ و بێدەنگییەكان بشكێنین و بەهێزی گەل پاوانخوازی و ژنكوشتن و گەندەڵی بنەبڕ بكەین. ئەم ئەركەش ئەركی ژنانە و بۆ ئێمەی ژنانیش رۆح و ئیرادەی شیرین و لەیلاكان پێویستە.
ت.پ