زیندانییانی ئێڤین لە بارودۆخێکی نادیاردا بەجێهێڵدراون و لە دیداری کەسوکاریان بێبەشن
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە ٣٠یەمین ڕۆژدایە، زیندانییانی ئێڤین لە بارودۆخێکی نادیاردا بەجێهێڵدراون، خێزانی زیندانییانیش لە دیدار بێبەشکراون.
ناوەندی هەواڵ
دەنگی دەستگیرکراوانی کوردو ئێران لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی بارودۆخی زیندانی ئێڤین ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: یەک مانگ بەسەر جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران تێدەپەڕێت و زیندانییان لە بارودۆخێکی نادیاردا بەجێهێڵراون، نەک هەر ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان نەگیراوەتەبەر، بەڵکو پڕۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ کاروبارەکانیان بە شێوەیەکی کردەیی وەستاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا هیچ بەرپرسیک لە گرتووخانەی ئەوین نەماوە و هیچ دەسەڵاتێکی دیاریکراو بەرپرسیار نییە لە دۆخی زیندانیان، هەروەها ڕۆژی ڕابردوو کەسوکاری زیندانییەکان بە هیوای چاوپێکەوتنی ئازیزانیان چوونەتە زیندانەکە، بەڵام دەرگاکەی داخراوە و پێیان وتراوە کەس ئامادە نییە وەڵامتان بدەنەوە.
باس لەوەشکراوە، پێشتر ئەو خێزانانە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ئیڤین بانگهێشت کرابوون بەڵام تا ئیستا هۆکارەکەی ڕوون نییە چونکە بەرپرسەکان ئامادە نەبوون و ئەمەش نیگەرانی جددی لە پارێزراوی زیندانیان دروست کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، باس لە پێدانی مۆڵەتی پشوو بە زیندانییەکان دەکرێت، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پڕۆسەیە لە زیندانی ئێڤین زۆر سنووردار بووەو ڕێژەیەکی کەمی زیندانیانی لەخۆگرتووە.
لە دۆخێکدا کە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی ئەو بارودۆخەی ئێستا دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی زیندانییەکان درووست بکات، بەردەوامی دەستبەسەرکردنی زیندانیان بەبێ چاودێری و لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی مرۆیی و یاساییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی جددی بووەتەوە.