مامۆستایەکی کورد لە ورمێ دەستبەسەر کرا

دەستبەسەرکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە ئەوەش بە مەبەستی کپکردنی دەنگیان، مامۆستایەکی کورد لە ورمێ بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوەو چارەنووسی نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەنگی دەستگیرکراوانی کوردو ئێران، دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری ئاشكرا کرد.

 

بەپێی هەواڵەکە، ژنێکی کورد بەناوی فۆروزان ئیسلامی مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی “نەوجەوان” لە شاری ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادوەر ئەو ژنە کوردەیان دەستبەسەر کردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی شوێن و بارودۆخی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە.

 

جێی ئاماژەیە، فۆروزان ئیسلامی لە بواری فێرکردنی زمانی ئینگلیزیدا چالاکە و وەک یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد لە ورمێ ناسراوە، هەروەها ژنانی کورد لە ئێران هەم بە هۆی ناسنامەی نەتەوەیی و هەم بە هۆی ڕەگەزییەوە ڕووبەڕووی ستەم و چەوسانەوە دەبنەوە.