مامۆستایانی وانەبێژ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی گردبوونەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەرەی هەڵەبجەی شەهید، مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

هەڵەبجە

 

 

ئارەزوو محمد نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا: داوا دەکەین کە داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێبکرێن و  مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە هەمیشەیی بەبێ جیاوازی کردن، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی هەشت ساڵە دەرگای دامەزراندن داخراوە بە تایبەت لەکەرتی پەروەردەدا، لەکاتێکدا پەروەردە لەوسێکتەرانەیە نابێت دامەزراندنی بوەستێت بەپێی یاسا.

 

لە بەیاننامەکەدا باسیشیان لەوەکرد کە وەستاندنی دامەزراندن چەندین لێکەوتەی خراپی هەبووە لەسەر بواری پەروەردە، بۆ سەرخستنی پەروەردە پێویستە درێژە بە دامەزراندن بدەن بۆ ڕای گشتیش ڕادەگەیەنین کە بەردەوامین لە فشاری مەدەنیانە لە ئەگەری نەهاتن بەدەم داواکانمانەوە دەست کراوە دەبین لە هەموو جۆرە چالاکیەکی فشار خستنەسەر لایەنی پەیوەندیدار.

 

یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش وەڵامی داخوازی مامۆستایانی وانەبێژی دایە و دڵنیای کردنەوە لە سەرجەم کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا ڕایان گەیاندووە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە فەرمی، چونکە ئەرکیان هەیە و دەبێت مافیان پێبدرێت.

 

سۆران عومەر وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە باسی لەوەکرد مامۆشستایانی وانەبێژ داواکارییەکانیان ڕەوایە و وەکو وەزارەتی پەروەردە هەوڵدەدەین دایانبمەزرێنین و سود لە ڕاژەکانیان وەربگرین.

 

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە ١٥٦ مامۆستای وانەبێژ هەیە، کە لە قوتابخانەکانی ناو پارێزگای هەڵەبجە و گوند و سنورەکانی دەوروبەردا وانە دەڵێنەوە.

 

ت.پ