مامۆستاو خوێندکارانی باشووری کوردستان بوونەتە سیمبولی پێکەوەیی پاراستنی کولتووری کورد
نیاز ئەبوبەکر، مامۆستای زمانی کوردی دەڵێت: خوێندکاران لە ڕێگەی جامانەو بەستنی هەوری و دروستکردنی کەزییەوە، ڕۆژانە پشتیوانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەنەوە، لە ڕێگەی وتنەوەی دروشمەکان و بەخشینی هاوکاری پشتیوانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا پشتیوانی یەکتر بوون، لە ناویاندا خوێندکاران و مامۆستایان ڕۆڵی کارایان لە پشتیوانی و چالاکییەکاندا هەبوو، لە شاری سلێمانی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ چالاکی بەرفراوان لەسەر شەقامەکان و خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکاندا بەڕێوەچوو، لەگەڵ بەرفراوانبوونی چالاکییەکان لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێکەوە وەزیری پەروەردە داوای لە خویندنگە و مامۆستایان کرد، لە ڕێگەی وتنەوەی دروشمەکان و چالاکی و هاوکارییەکانیانەوە خوێندکاران و لە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان هۆشیار بکەنەوە، خوێندکاران لە خوێندنگە وو زانکۆکانەوە بە گەرموگوڕییەوە بەدەم بانگەوازی و پێکەوەیی کوردانەوە هاتن، سەرەڕای هەبوونی ڕێنماییە پەروەردەیەکان لە ناو خوێندنگەکاندا، مامۆستایان و خوێندکاران بە پۆشینی جلوبەرگ و جامانە و هەوری و کوتانی خاڵ لە ڕوخساریان، لە ناو خوێندنگەکاندا وانەیان دەخوێند، خوێندنگەکان لە پاڵ خوێندنی وانەکانیاندا بووە مەیدانی کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بە چالاکی و وتنەوەی سروودە نیشتیمانییەکان پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد.
" خوێندکارانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، لە ڕێگەی وتنەوەی دروشمەکان و بەخشینی هاوکاری پشتیوانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە"
نیاز ئەبوبەکر ساڵح، مامۆستای زمانی کوردی لە ئامادەیی خانزادی کچان ئاماژەی بەوەکرد، میژوو سەلمێنەری خەبات و شۆڕشی کوردە لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا، جەنگ و هێرشەکان بۆسەر کورد لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، وتی: سەرەڕای هێرشەکان لە دێرزەمانەوە، لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر ڕووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە، کوردان ڕووبەڕووی ئاوارەیی و شەهید کردن بوونەوە، ئەم کارەساتە هەر تاکێکی بەرامبەر ماف و پشتیوانییەکانی کورد هۆشیار کردەوە، کورد لە تەواوی پارچەکان و وڵاتانی ئەوروپا ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە، لە ناویاندا پەروەردە و فێرکردن لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی چەندین چالاکی خوێندکاران لەسەر شەقامەکان بوون و هاوکارییەکانیان دووپات دەکردەوە، مامۆستایان ڕۆڵیان لە ناشتنی تۆوی ئازادی و پێکەوەیی لە ناخی خوێندکاراندا هەبوو، لە ڕێگەی چالاکی و وتنەوەی مێژووی کورد نەوەی نوێمان هۆشیار دەکردەوە، دەمانبینی سەرەڕا یاسای پەروەردەی بەڵام خوێندکاران لەگەڵ پشتیوانییەکاندا لە ڕێگەی پۆشینی هەوری و جامانەوە کولتووری کوردیان دەپاراست، بۆ پشتیوانییەکان جامانەو جلی کوردیان دەپۆشی، پرچەکانیان دەکرد بە کەزی و بە دروشمەکانیان بەشداری وانەکانیان دەکرد، پاشان خوێندکارانی زانکۆ بە چەندین چالاکی و وتنەوەی دروشمەکان کە پێشەنگایەتی چالاکییەکانی باشووری کوردستانیان دەکرد، بەشداریان کرد، گەنجان بە پێکەوەیی کوردان بەرپەرچی تەواوی پڕوپاگەندەکانیان دایەوە، بە یەکدەنگی بەرەو سەفەربەری و پاشان خۆپشاندانەکان هەنگاویان نا.
"خوێندکاران بە دروشمەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون"
ئەوەشیخستەروو، لەگەڵ سەرهەڵدانی پشتگیرییەکان لە شاری سلێمانییەوە، وەزیری پەروەردە لە ڕێگەی پشتیوانییەکەوە خوێندنگەکانی بۆ چالاکی ئەرکدار کرد، پاشان بەڕێوەبەری خوێندنگەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ئاگادارکرانەوە، وتیشی: لەگەڵ بانگەوازی وەزیری پەروەردە سەرجەم خوێندنگەکان لە شاری سلێمانی و دەوروبەرییەوە هەڵستان بە ئەنجامدانی چالاکی بەرفراوان و خوێندکاران لە ڕێگەی وتنەوەی دروشمەکانەوە لە خوێندنگەکانیان بەرەو خۆپشاندانەکان دەچوون، سەرەڕای نەبوونی موچە و گرانییەکان خێزانی خوێندکارەکان بە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان لە ڕێگەی خوێندکارانەوە پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانیان دەکرد، ئەو نەوە نوێیەی بە جیلی ئایپاد ناسرابوون، لە ڕێگەی پێکەوەیی توانیان پشتیوانی لە خاک و کولتووریان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بکەن، لەگەڵ سەرهەڵدانی بارودۆخە سیاسییەکاندا نەوەیەک بەرامبەر داگیرکەران و ماف و کولتووریان هۆشیار بوونەوە، کە تواندا کولتوور و دابونەریتیان لە ڕێگەی پۆشینی جلوبەرگ و کوتانی خاڵ لە ڕوخساریان دووبارە کولتووریان بناسن، مامۆستا و خوێندکارەکان بە هۆنینەوەی کەزی و پۆشینی جامانە و قوماشی سرکەیەوە دەچوونە خوێندنگە، هەردەم بە خوێندکارەکانمان دەڵێین ڕادەستی پۆشاکی بیانی مەبن، بۆ مانەوەی کورد پێویستمان بە پۆشینی جلوبەرگ و مۆرکە کوردەوارییەکانە.
"خوێندکاران لە ڕۆژئاوا پەروەردەی پێکەوەیی و بەرخۆدان دەخوێنن"
مامۆستا نیاز وتیشی: ڕژانە سەر شەقامەکانی هاوڵاتیان و خوێندکاران ئاماژەی پێکەوەییە، یان خۆ ئامادەکردنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی جەنگی دیکە، گەنجان لەوە تێگەیشتن دەبێت خۆیان ئامادەبکەن بۆ جەنگ، لە ڕێگەی پێکەوەییانەوە دەتوانن ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، هەروەها خێزانەکان پاڵپشتی خوێندکارەکان بوون تا بەرگری لە کورد بکەن، خێزانەکان دەرخەری پشتیوانییەکانی خوێندکاران بوون، کە هانی خوێندکارانیان دەدا هاوکاری ببەخشن و بچنە ناو خۆپشاندانەکان تا پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، کە بینیمان منداڵان لە تەمەنی سێ ساڵەوە کە مەمکەمژەکەی لە دەمیدابوو، هەروەها منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت بەشداری دەکرد، کە دەرخەری پێکەوەیی گەلی کورد بوو، بۆ ئەم هەڵوێست و پشتیوانییەی خوێندکاران، وەزیری پەروەردە بڕیاریدا وێنەی بەشێک لە منداڵان کە بەشدارن لە خۆپیشاندانەکاندا بخرێتە سەر پەرتوکەکانی خوێندنی کوردی، تا ببنە پێکەوەیی کورد و پشتیوانییەکان بۆ هەموو جیهان بسەلمێندرێت، کە ئەم هەڵوێستە نەوەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکەران ئاماددە دەکات، لە ئێستاشدا دەبیندرێت خوێندنگەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە پەناگەی خێزانە کوردەکان، بەڵام خوێندکاران لەوێ پەروەردەی پێکەوەیی و بەرخۆدان دەخوێنن، کە لەپێش پەروەردەی زانستییەوە پەروەردەی مرۆڤ بوون و بەرگریکردن لە خاک دەخوێنن، ئەو بارودۆخە پەروەردەیەی لە ڕۆژئاوا بەسەر خوێندگە و خوێندکارەکاندا هاتووە جۆرێکە لە قوربانی جەنگ، بەڵام ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ خوێندکاران و خێزانەکان دەردەبڕین، ئامادەین لە باشووری کوردستانەوە پشتیوانیان لێبکەین و هاوکاریان بکەین.
"نیگەرانی بارودۆخی خوێندکارانی ڕۆژئاوای کوردستانین"
لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا نیاز ئەبوبەکر وتیشی: لە ڕێگەی توێژینەوەیەک، توێژینەوەم بۆ کەزی و ئەنجامدانی کەزی کرد، کە خوێندکارەکانم بە چالاکی پشتیوانی کەزییان ئەنجامدا، داواکارم لە مامۆستایان و وەزیری پەروەردە، وەک ساڵەکانی پێشوو خوێندکاران لە گۆڕەپانی خوێندنگە کۆبکەنوەو، چەندین چالاکی کولتووری و سرودی نیشتیمانیان پێ دووبارە بکەنەوە، تا نەوەی داهاتوو لە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی ئاگادار بکرێتەوە، ئێمە وەک مامۆستا نیگەرانین بە بارودۆخی خوێندکاران لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دەتوانین دەرگای خوێندنگە و دڵمان بۆ خوێندکارانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەینەوە، یەکبوونی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەواوی گەلی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان یەکخست.