ماجیدە حەسون: توندوتیژی لە سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار
ماجیدە حەسون، سەرۆکی دەستەی ژنان لە ناوچەی فورات، هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە سووریا کە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و جەختی لەوە کردەوە کە ژنانی سووریا خەباتی هاوبەشی خۆیان لە دژی ئەم راستییە چڕتر کردووەتەوە.
بەرجەم جودی
کۆبانێ- دوای ئەوەی هەتەشە دەسەڵاتی خۆی چەسپاند، کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەویی و چەسپاندنی پێکهاتە پیاوسالارییەکانی کرد، بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی پاوانخوازی، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی دژی ژنان لە سووریا.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەتەشە لە ڕێگەی پراکتیزە جیاوازەکانەوە هەوڵی داوە سیستەمەکەی لەسەر بنەمای توندڕەوی ئایینی لە سووریا چەسپێنێت، ئەم عەقڵیەتە و ئەو یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە زۆرەملێیەی کە دەیسەپێنێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان داناوە، ئەمساڵی بە تایبەتی توند کردووە، هەروەها توندوتیژی دژی ئەوان بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەندووە.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ماجیدە حەسون، بەرپرسی دەستەی ژنان لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دۆخی ژنانی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە، کە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی توندوتیژی چڕتر کردووەتەوە.
ماجیدە حەسون مانگی تشرینی دووەمی بە "مانگی خەبات دژی کوشتن و توندوتیژی" پێناسە کرد و ڕایگەیاند، ئێمە لە مانگی بەرخۆدان و بەرزکردنەوەی دەنگی ژنانین لە دژی توندوتیژی و کوشتن و نکۆڵی بوونیان، لە ڕێگەی ئەم مانگەوە خوشکەکانی میرابێلمان لەبیرە، کە میراسێکی گەورەیان بۆ ژنان بەجێهێشت.
"عەقڵیەتی ڕژێمی سووریا داهاتووی ژنان ئاشکرا دەکات"
ماجیدە حەسون کە بە تایبەتی تیشکی خستە سەر بارودۆخی ژنان لە سووریا، ڕوونیکردەوە، ئەگەر سەیری ڕاستی سووریا بکەین ئەمڕۆ، لە گۆڕانی ڕژێمەکە و پێگەی ژنان لەناو ئەو ڕژێمەدا، دەگەینە هەمان ئەنجام، هەر لەو ساتەوەختەی ڕژێمی سووریا دەستی بە گۆڕانکاری کرد، پەراوێزخستن و ڕەتکردنەوەی ئاڕاستەی ژنان یەکسەر سەریهەڵدا، ئەمەش وایکرد داهاتووی ژنان لەم وڵاتەدا بۆ ئێمە ڕوون بێت، هەروەها ڕێگریکردنی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە سووریا.
"ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە چارەسەر هەیە"
ماجیدە حەسون سەرنجی بۆ دۆخی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و وتی: سەرەڕای بوونی پشتیوانی و ڕێسا و یاسا و چەندین میکانیزم بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، هێشتا دەبینین ژنان بەدەست ئەم ڕاستییەوە دەناڵێنن، ڕاستە توندوتیژی تا ڕادەیەک لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پراکتیزە دەکرێت، بەڵام بە چارەسەریش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها دامەزراوەگەلێکیش سەرهەڵدەدەن بۆ بەرگریکردن لە ژنان و منداڵانی سووریا، هەروەها پاراستنی ژنان لە بنەڕەتدا بە واتای پاراستنی منداڵان و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دێت، لەگەڵیدا دۆخی سووریا تادێت خراپتر دەبێت، حکومەتی ئێستا بە عەقڵیەت و هەڵوێستەکانیەوە، بە فراوانی ڕێگا بە یاسای توندوتیژی دەدات بۆ بڵاوبوونەوەی، لە وڵاتێکدا کە ژنان پەراوێزخراون و مافەکانیان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە دانپێدانەنرێت، دڵنیایی نییە باس کردن لە داهاتوویەکی پارێزراوی بکرێت، ئەگەر ژنان بپارێزرێن، منداڵان و تەواوی کۆمەڵگەی سوسریا پارێزراو دەبن و مافەکانیان مسۆگەر دەبێت.
“لە سووریا هاوکێشەی دژبەیەک و مەترسیدار بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت”
پرسیاری کرد، چۆن کەسێکی وەک ئەحمەد شەرع کە بە مێژووی خۆی ناسراوە، ژیانێکی شکۆمەندانە پێشکەش بە ژنان دەکات، ئەمڕۆ ژنان ناچار دەکرێن جارێکی دیکە لە ژێر پەردەیەکی ڕەشدا، لە ژیانێکی تاریکیدا بژین، لە کاتێکدا ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان لەم تاریکییە ڕزگار کردووە، ژنانی سووری ناچار دەکرێنەوە بۆ ناو ئەو تاریکییە، ئەمەش هاوکێشەیەکی دژبەیەک و مەترسیدارە کە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاستییەوە ڕووبەڕووی ڕەچاوکردنی ببنەوە.
“کێ ژنان لە بکوژەکان دەپارێزێت؟”
ماجیدە حەسون ئاماژەی بە دۆخی ژنان لە سووریا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژییەکانی کرد، وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ژنان دەکەین، دەبینین توندوتیژییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە، ڕۆژانە ژنان ناچارن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن و دەستدرێژی دەکرێنەوە، بەڵام کێ لێپرسینەوەی یان بۆ دەکات لە سەر ئەم تاوانانە؟ کێ پارێزگاری لەو ژنانە دەکات کە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کوژراون، لە کاتێکدا ئەوانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە ئێستا پۆستی باڵایان لە حکومەتدا هەیە؟
"پێویستە ٢٥ی تشرینی دووەم بۆنەیەک بێت بۆ خەباتی هاوبەش"
ماجیدە حەسون، سەرۆکی دەستەی ژنان لە ناوچەی فورات، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای یەکڕیزی و پەرەسەندنی بەرخۆدانی کرد و وتی: بۆ ئێمە ٢٥ی تشرینی دووەم بۆنەیەکە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی ژنان لە سووریا، بەرزکردنەوەی دەنگیمان لە دژی عەقڵیەتی جیهادی، دژی سیستەمی پیاوسالاری و دژی کوشتنی ژنان، دەبێت هەموومان بڵێین: بەسە! ئەم بانگەوازە ئاڕاستەیە بۆ هەموو ژنان، با پێکەوە لە دژی ئەم عەقڵیەتە بکوژە خەبات بکەین.