مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ئەنجومەنی مافی مرۆڤى سەر نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی لیکەوتەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای ڕاگرتنی جەنگی کرد و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ دانیشتنێکی نائاسایی ساز کرد، بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی جەنگى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مافەکانی مرۆڤ و کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤیش داوای ڕاگرتنی جەنگەکەی کرد.
سەرەتای دانیشتنەکە بە لێدوانێکی نوێنەری شانشینی بەحرەین، بەناوی دەوڵەتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو دەستی پێکرد، کە تیایدا جەختی لەوە کردەوە، هێرشە سەربازییەکانی شووباتی ڕابردوو کە دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج، “پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤ و ئاسایشە” و هەروەها داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
دواتر نوێنەری دەوڵەتی قەتەر لە میانی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون و ژێرخانی ئابووریی بە هەر بیانوویەکی سەربازیی پێشێلکارییەکی گەورەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە و پێویستیشە پاراستنی ژیانی کەسانى بێ تاوان لە سەرووی هەموو پرسێکی سیاسییەوە بێت.
نوێنەرەکەی قەتەر پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە بۆ بە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و دڵنیابوون لەوەی، کە لایەنی تاوانکار بەبێ سزا ڕزگاری نابێت.
هاوكات ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوای لە وڵاتان کرد کۆتایی بە جەنگ بهێنن و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی بە ئەوپەڕی مەترسیدار و پێشبینی نەکراو پێناسە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە ڕێگەی گەرەنتیکراو بۆ ڕێگریکردن جەنگ کۆتاییهێنانە بەو ململانێیە و داواشی لە هەموو وڵاتان کرد، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن هەژموونن، هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ڕاگرتنی جەنگ.