لەنێویاندا ژنان... ١٥ هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکووری کۆردۆفان کوژران
بەپێی هۆشداریی کۆمەڵەی پارێزەرانی فریاگوزاری، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە باکووری کۆردۆفان زیادیان کردووە؛ لە نوێترین هێرشدا بۆ سەر دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی لە ناوچەکانی شەعتوت و حەمرە شێخ، ١٥ هاوڵاتی مەدەنی (کە ژنانیشیان تێدایە) گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سودان بەردەوامن و زیانی گیانی زیاتری مەدەنی لەو ناوچانە بەجێدەهێڵێت کە گرژییەکانیان زیاتر دەبێت، ئەم لێدانانە ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، کە ئەمەش مافە بنەڕەتییە مرۆییەکانیان بۆ ژیان لە پارێزراویدا پێشێل دەکات.
کۆمەڵەی پارێزەرانی فریاگوزاری سودان ٧ی تەمووز، ئاشکرای کرد کە ١٣ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە پێنجیان ژنن، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کردە ئامانج کە هاوڵاتیانی دەگواستەوە بۆ ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شارۆچکەی شەعتوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی جەبرا شێخ لە پارێزگای کۆردۆفانی باکوور.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم هێرشە بەشێکە لە شێوازێکی پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، کە لە نێوان بەردەوامی چالاکییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر بەشەکانی باکووری پارێزگاکەدا و چاودێریکردنی جوڵەی دانیشتووان ڕوودەدات، هەروەها فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی کردووەتە ئامانج کە ئاوی گواستۆتەوە لە نزیک سەرچاوەیەکی ئاو لە ناوچەی حەمرە شێخ و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشە دووبارەکان بۆ سەر ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان و ناوچە دانیشتووەکان سیستماتیکە و مەبەست لێی چاندنی ترسە لە نێو دانیشتوواندا، ئەمەش بەهۆی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەیە کە بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا سەپێنراوە و پەکخستنی جوڵە و سەختی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکان و خراپترکردنی دۆخی مرۆیی و مەترسی خستنە سەر ژیانی هەزاران کەس زیاتر دەبێت.
دووپاتیکردووە، بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی و سەپاندنی گەمارۆدان و بێبەشکردنی خەڵک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، بەردەوامی ئەم هێرشانە نیگەرانی جددی لەبارەی ئەنجامدانی ئەو پێشێلکارییانە دەوروژێنێت کە ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ، کە ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە هەیە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە توندترین شێوە ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد و ئەنجامدەرانی بە بەرپرسیار زانی، داوای لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و سەربەخۆ و لێپێچینەوە لە بەرپرسان و وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکان کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، هەڵگرتنی ئەو کۆت و بەندانەی کە ئازارەکانی دانیشتووان گەورەتر دەکەن، مسۆگەری دەستڕاگەیشتن بە ئاو و خۆراک و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە پارێزراوی و پابەندبوونی تەواو بە ڕێساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
هەروەها تا ئێستا لایەنی بەرپرسی ئەم هێرشانە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی خەرتوم جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە پشتیانەوەن، لە کاتێکدایە کە ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس.
مانگی ئایار، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا لە پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی کۆردۆفان و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هێرشانە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و نیسانی ئەو ساڵەدا لانیکەم ٨٨٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.