لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ژنێکی کورد دەستبەسەر کرا
ژنێکی کورد لە سەقز بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکراو چارەنووسی نادیارە.
ناوەندی هەواڵ
پرۆسەی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان چ لە قۆناغی پێش جەنگی ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل و چ لە کاتی ململانێکان و لە ژێر ئاگربەستی ئێستاشدا چڕتر بووەتەوە، هاوکات ژنان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە شەپۆلی دەستبەسەرکرەکان ڕزگاریان نەبووە، ئەمەش پرسێک کە نیگەرانی جددی لەبارەی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان درووست کردووە.
بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەحەر مەهدی تەمەن ٣٢ ساڵان و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
هەروەها هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەبێ فەرمانی دادور چوونەتە ناو ماڵی ئەو ژنەو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر شوێن و بارودۆخی ئەم کەسە نییە.
هاوکات، سەحەر مەهدی برای یەکێک لە ئەندامەکانی ئوپۆزسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێرانە، بۆیە بە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی دەزاندرێت.