لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار... ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا لە نێوان خەبات بۆ یەکسانی و شەڕی مانەوە گیردەخۆن

ئۆزگور ئاکتوکون، ئەندامی پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی، دەڵێت: ئەوەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، یەک یاسا نییە، بەڵکو خەباتیان بۆ هاوڵاتیبوون و دامەزراندنێکی یەکسانە، شانبەشانی بەرگریکردنیان لە مافی ژیانیان.

ئەلیف ئاکگول

 

ئیستەنبوڵ-لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئادار، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئیستەنبوڵی تورکیا، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چڕکردنەوەی خەباتییان لە دژی کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان، کە ئەمانە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژنکوژییەکان و داواکاری هاوڵاتیبوونی یەکسانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە دانپێدانان بە کاری چاودێری و پەرەسەندنی دیالۆگەکانی دەوروبەری عەلمانیەت و سیستەمی یاسایی، بۆ بزووتنەوەی ژنان، ئەم ڕۆژە تەنها بۆنەیەکی سیمبولی نیە یان یادێکی ساڵانە، بەڵکو ساتێکی سەرەکییە لە خەباتدا، سەردەمێک کە داخوازییەکانی ژنان بۆ یەکسانی نوێ دەکرێنەوە و بە زۆر دەهێنرێنە پێشەوە.

 

بە وتەی ئۆزگور ئاکتوکون، کۆمەڵناس و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکسانی ژنان، کارنامەی ژنان لە یەک یاسا و دروشمدا قەتیس نییە، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ژنان و مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانەوە هەیە، هەروەها پرسی ژنان تەنها لە هەموارکردنی یاساییدا سنووردار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خودی ژیانەوە، هەر بۆیە کارنامەی ئێمە خودی ژیانە، بۆ بونیادنانی ژیانێک کە ژنان بتوانن وەک مرۆڤ، وەک هاوڵاتی، لەسەر بنەمای یەکسانی بژین، ئەمەش کاریش دەگرێتەوە، بۆیە خەباتی ئێمە لەسەر دانپێدانانی بوونی ئێمەیە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، هەر بۆیەش ئەوەی ئەمڕۆ پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، خودی ژیانە.

 

“هاوڵاتی یەکسان لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە”

ڕوونیدەکاتەوە، کە کارنامەی ژنان لەگەڵ چەندین پرسدا یەکدەگرێتەوە، لەوانە دامەزراندن، بارگرانی چاودێریکردن و هاوڵاتیبوونی یەکسان، هەروەها ئەو مافانەی لە یاسادا جێگیرکراون زۆرجار لە ژیانی ڕۆژانەدا بەبێ جێبەجێکردن دەمێننەوە.

وتیشی: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی خەباتی ژنان بۆ ساڵانێک ئەم کێشەیە لە جێبەجێکردندا، هەرچەندە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بۆ ژنان لەم وڵاتەدا لە یاسای مەدەنیدا دانپێدانراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو مافانە بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە خەباتی مافەکانی ژنان بە زیندووی و بەهێز دەهێڵێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی داڕشتنی کارنامەی ژنان، نایەکسانی لە شوێنی کاردایە، کەمی بەشداری ژنان لە بازاڕی کار و نەبوونی موچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان بەشێکی بەرچاوی ئەم وێنەیەن، هەروەها پرسی کاری نەبینراو و چاودێری وەک هۆکارێک دەردەکەوێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەیە.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زۆرجار ئەم بارگرانییە وەک پرسێک سەیر ناکرێت کە پێویستی بە سیاسەتی گشتی هەبێت، هەروەها مافەکانمان پەیوەست بە ئەرکەکانی چاودێریکردن هەرگیز لە کارنامەی ئەم وڵاتەدا نەبووە، دانپێدانان بە بارگرانی چاودێریکردن ژیان بۆ زۆرێک لە ژنان لە ڕادەبەدەر قورس دەکات، لەوەش گرنگتر، چونکە ئێمە ئەم بارگرانییە نابینین، نازانین ملیۆنان ژن ناچارن بەرگەی چی بگرن.

 

"دەستکاری یاسا مەکە... جێبەجێی بکە"

ئۆزگور ئاکتوکون وتی: خەباتی ڕێکخراوەکانی ژنان تەنها بە داوای مافی نوێ سنووردار نییە، بەڵکو بە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی ئێستاش دەگرێتەوە، ئەمەش لایەنێکی بنەڕەتی خەباتی ڕۆژانەی ژنانە، هەروەها کێشەکە تەنها لە دەرکردنی یاساکاندا نییە، بەڵکو لە دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی یاساکاندایە، هەر لەبەر ئەمەشە کە پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی هەڵوێستی ڕوونی خۆی دووپات دەکاتەوە: دەستکاری یاسا مەکەن... جێبەجێی بکەن.

 

ئەو پێی وایە ئەم داواکارییە کە ساڵانێکە ژنان دووبارەی دەکەنەوە، تەنها تانەدانێکی یاسایی نییە، بەڵکو بیرخستنەوەیەکە بۆ دەوڵەت لە پێویستی کاراکردنی بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان و کردنی بە ڕاستیەکی بەرجەستە لە ژیانی ژناندا.

 

”خەباتێک بۆ ماف و مانەوە لە یەک کاتدا”

ئۆزگور ئاکتوکون ئاماژە بەوە دەکات، کە پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان سێبەرێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر هەموو ئەم باسانە و ڕوونی دەکاتەوە کە ژنان نەک تەنها لە پێناو مافەکانی خۆیاندا خەبات دەکەن، بەڵکو بۆ مانەوەییان، هەروەها ڕاستیەکە ئەوەندە توند و تیژە کە لە یەک ڕۆژدا شەش ژن لەم وڵاتەدا دەکوژرێن، ئەمەش وایکردووە خودی خەبات بۆ مانەوە ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە شەڕی ڕۆژانەیان.

 

پێیوایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار، بەرگریکردن لە بنەمای عەلمانیەت و بەرزڕاگرتنی یاسای مەدەنی وەک یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی کارنامەی ژنان سەرهەڵدەدات، ئەو مافانەی ژنان بە ساڵانێک لە خەباتدا بەدەستیان هێناوە، لە مێژە لە ڕێگەی پراکتیک و دیالۆگی جیاوزەوە هەوڵی وەرینی بەردەوامیان هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، پاراستنی ئەم بناغانە، کە بە بڕوای ئەوان مسۆگەریەکە بۆ خودی بوونی دەوڵەت لە بەرامبەر ئەو فشارانەی کە دەسەڵات دەیخاتە سەر.

 

ئۆزگور ئاکتوکون ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ژنان بە ئاسانی مافەکانیان بەدەست نەهێناوە، بەڵکو لە ڕێگەی تێکۆشانی ساڵانێکەوە بووە، کاردانەوەی ئێستا تەنها لە پرسەکانی وەک میرات یان نەفەقەدا سنووردار نییە، بەڵکو زۆر قووڵترە، هەروەها پێشێلکردنی ئەم مافانە لە بنەڕەتدا کچان و کوڕانی ئەم وڵاتە لە سەرەتاییترین مافی ئەزموونکردنی منداڵییەکی دروستیان بێبەش دەکات.

 

بۆ بزووتنەوەی ژنان، پاراستنی یاسای مەدەنی، پایەیەکی ناوەندی خەباتی ئەوانە، وتی: هەر دەستکاریکردنێک لەم سیستەمە یاساییە کاریگەرییەکی قووڵی دەبێت کە لە ئێستاوە درێژدەبێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، پاشەکشەکردن لەو دەستکەوتانەی کە پێگە و مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی یاسای مەدەنیدا پێناسە دەکەن، نەک تەنها کاریگەری لەسەر ژنانی ئەمڕۆ دەبێت، بەڵکو لێکەوتەی توندتری دەبێت بۆ ئەوانەی دوای ئەوە دێن، هەروەها لەدەستدانی ئەم مافانە نەوەکانی داهاتوو ناچار دەکات قورسترین باج بدەن.