لێبوردنی نێودەوڵەتیی: ئێران یاسای سیخوڕی بەسەر چالاکواناندا دەسەپێنێت

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بڵاویکردەوە ئێران هەزاران کەسی بە هەرەمەکی و توندوتیژییەوە دەستبەسەر و هەراسان کردووە، ژنان و پێکهاتەکان ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بوونەتەوە، دەشڵێن یاسای لەسێدارەدان بەسەر چالاکواناندا دەسەپێنێت بۆ ڕەوایەتیدان بە لەسێدارەدانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە حکومەتی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەسی بە هەرەمەکی و توندوتیژییەوە دەستبەسەر و هەراسان کردووە، بە ئارەزووی خۆی سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کردووە کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە تۆمار کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە دەسەڵاتداران لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا هێزی نایاسایی و چەکی ئاگرینیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان و لە ئەنجامدا کوژرانی لێکەوتووەتەوە، ژنان و کچانی گەلانی ئێران و پێکهاتەکان ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و توندوتیژیی سیستماتیک بوونەتەوە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە درێژەدان بە سیاسەتی باڵاپۆشیی زۆرەملێ جەختی لەوە کردووەتەوە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و سزای جەستەیی لەوانە لێدان و بڕینی جەستە و دادگاییکردن بە شێوەیەکی سیستماتیکی نادادپەروەرانە زیادی کردووە.

 

باس لەوەشکراوە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئەفغانی بە شێوەیەکی نایاسایی دەرکراون یان ناچار کراون بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە پەسەندکردنی یاسای نوێی "سیخوڕی" لە ئێران کرد، کە بەپێی یاساکە چالاکوانانی ئاشتیخواز وەک ناردنی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ دەرەوەی وڵات تۆمەتبار دەکات و دەتوانێت سزای لەسێدارەدانی لێ بکەوێتەوە.