لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی زیندانییانی سیاسی دەربڕی و داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکات دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی ڕابگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راگەیاندراوێکی سەبارەت بە مەترسی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک زیندانیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکەین دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی ڕابگرێت کە ئێستا لە زیندانی شێبان لە ئەهواز ڕاگیراون و ڕووبەڕووی مەترسیی جددی لە سێدارەدان دەبنەوە.

 

هۆشداری لە بارەی بارودۆخی مەسعوود جامەعی، عەلیرەزا مورداسی، فەرشاد ئیعتمادی فەر، ڕەزا عەبدۆلی و حەسەن موسلاوی دا و داوای ڕاگرتنی خێرای هەر پلانێک بۆ جێبەجێکردنی سزاکانیان کرد.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی لە مامەڵەی دادوەریی لەگەڵ دۆسییەی نەیارانی ڕژێمی ئێران گرتووە و جەختی کردووەتەوە، ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو کەسانە پڕ بووە لە کێشەی جدی یاسایی و مافی مرۆڤ، هەروەها ڕێکخراوەکە بارودۆخی زیندانی شێبانی بە نەگونجاو و قەرەباڵغی و نەبوونی حزمەتگووزاری پێویست پێناسە کردووە و هۆشداری داوە کە بەردەوامی بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشک تەندرووستی و ژیانی ئەم زیندانییە زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئێستا لانیکەم ٤٢ زیندانیی سیاسیی لە سێدارەداوە و بەردەوامە لە بەکارهێنانی ئەو سزایە وەک ئامرازێک بۆ درووستکردنی ترس و بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی و چڕکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوتکردن.