لاڤان مستەفا: ٨ی ئادار وێستگەی نوێکردنەوەی ئیرادەیە و دەبێتە ئەو گەردەلوولەی کۆتوبەندەکان تێکدەشکێنێت
لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بناری قەندیل، بانگەوازێکی ئاڕاستەی ژنانی ئازادیخواز کرد بۆ پیرۆزکردنی ٨ی ئادار و ڕایگەیاند، کە ئەم ڕۆژە تەنها وادەیەک نییە لە ساڵنامەدا، بەڵکو وێستگەی سەلماندنی هێزی ژن و یەکخستنی دەنگەکانە دژی هەموو کۆتوبەندەکان.
بناری قەندیل
واتای ٨ی ئادار لای ژننای قەندیل تەنها بۆنەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو هێمایە بۆ تێکۆشان، ئیرادەی ئازاد و زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرگری، ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە، ژنانی قەندیل ئەم ڕۆژە وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندییان بە دۆزی ئازادی و تێکۆشان دژی ستەمکاری.، هەروەها هێمای یەکگرتووییە لەم ڕۆژەدا جەخت لە گرنگیی یەکڕیزی و هاوکاری نێوان ژنان دەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، تێکەڵکردنی سروشت و تێکۆشان، ئاهەنگگێڕان لەناو سروشتی قەندیلدا واتایەکی تایبەت بەم ڕۆژە دەبەخشێت، کە تێیدا چاندنی نەمام یان دابەشکردنی گوڵ وەک هێمایەکی ژیانەوە و بەردەوامی بەکاردێت، ناسنامەی ژنی ئازاد، بۆ ئەوان، ٨ی ئادار ڕێگەیەکە بۆ پیشاندانی ئەو مۆدێلە لە ژن کە خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی و لە هەموو کایەکانی ژیاندا "سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازی: ئامادەییان هەیە.
لاڤان مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بناری قەندیل، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانی ، پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی ژنان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگ و کۆتوبەندانەی ڕووبەڕووی ئیرادەی ژن دەبنەوە، وتی: ٨ی مارس بۆ ئێمە تەنیا ڕێکەوتێک نییە لە ساڵێکدا، بەڵکو وێستگەی نوێبوونەوەی ئیرادە و سەلماندنی هێزی ئێمەی ژنە. لەم ڕۆژەدا ئێمە دەنگمان دەخەینە پاڵ یەک و دەبینە ئەو گەردەلوولەی کە هیچ کۆتوبەندێک ناتوانێت تێکی بشکێنێت و ڕێگری لێ بکات.
داواکاری کۆبوونەوە لە گوندی بۆکریسکان
لە درێژەی قسەکانیدا لاڤان مستەفا داوای لە ژنانی ئازادیخوازی بناری قەندیل کرد کە بە ڕۆحییەتی "ژن، ژیان، ئازادی" و بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە کۆببنەوەو وتی: بانگەواز لە هەموو ژنانی ئازادیخوازی بنار دەکەم کە ڕۆژی یەکشەممە، لە گوندی 'بۆکریسکان' بەیەکەوە کۆببینەوە و لە ئێوارەخوانێکی هاوبەشدا ئەم ڕۆژە مێژووییە پیرۆز بکەین.
ئەم بانگەوازەی لاڤان مستەفا لە کاتێکدایە کە ژنانی بناری قەندیل ساڵانە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە چالاکیی جۆراوجۆر پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەن و جەخت لەسەر بەردەوامیی تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی دەکەنەوە.