لە ڕۆژی جیهانی ژناندا شەڕڤانانی یەپەژە جەخت لەسەر پاراستنی ڕێکخستنیان دەکەنەوە
بە نمایشێکی سەربازی، ژنە شەڕڤانانی یەپەژە یادی ڕۆژی جیهانی ژنانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە و جەختیان لە پابەندبوونی بەردەوامی یەپەژە بۆ پاراستنی ژنان لە داهاتوودا کردەوە.
حەسەکە
لە میانی نمایشێکی سەربازیدا کە ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان بەڕێوەچوو، ژنە شەڕڤانانی یەپەژە دووپاتیان کردەوە، کە یەپەژە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی سووریا دەکات و ڕایانگەیاند، بە هێز و ئیرادەی خۆمان دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام بین.
ڕۆژی جیهانی ژنانی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە بارودۆخێکی سەختی ئەمنی و سەربازی و مرۆیی ڕووبەڕووی گەلی سووریا بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بووەتەوە، ئەمەش لەلایەن نەورۆز ئەحمەد، فەرماندەی یەپەژە لە وتارەکەیدا، جەختی لەسەر کردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی درێژەدان بە خەباتی ژنان بەپێی فەلسەفەی ”ژن، ژیان، ئازادی”.
نەورۆز ئەحمەد ڕایگەیاند، کە ئەم خەباتە لەژێر ئاڵای ئازادی ژنان دەستی پێکردووە و بەردەوامە، یادی شەهیدانی یەپەژە دەکات کە لە بەهاری ٢٠١٩دا شەڕی داعشیان کرد و بەشدارییان لە شکستی داعشدا کرد لە سووریا، دووپاتیشی کردەوە کە "خەبات بەردەوامە".
لە میانی نمایشی سەربازیدا گوڵ بەسەر ژنانی شەڕڤان و کەسوکاری شەهیدان دابەشکرا، هەیفا محەمەد خوشکی یەکێک لە شەڕڤانانی یەپەژە کە لە شەڕەکانی دژی داعش لە حەسەکە گیانی لەدەستدا، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، ئێمە پشتیوانی یەپەژە دەکەین، چونکە ئەو هێزانە نوێنەرایەتی هێز و ئیرادەی ژنان دەکەن.
دووپاتی دەکاتەوە، کە لەم خەباتەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان عەرەب و کورددا نییە، ئێمە داوای ئازادی ژنان دەکەین و دەڵێین بژی ژن و یەپەژە.
سەبارەت بە ئاڵەنگاریەکانی بەردەم هێزە سەربازییەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، وتی: ئێمە هەڵوەشاندنەوەی یەپەژە ڕەتدەکەینەوە، چونکە ئەو هێزانە ساڵانێکە ئێمە دەپارێزن، شەڕی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکەن، ئەم هێزانە بەرگری لە هەموو ژنان دەکەن، ئێمەش هەڵوەشاندنەوەیان قبوڵ ناکەین، دەبێت دانیان پێدا بنرێت چونکە ئەوان بەشدارییان لە شکستی داعشدا کردووە".
سارا قامیشلۆ، شەڕڤان وتی: یەپەژە نوێنەرایەتی سەرجەم ژنانی سووریا دەکەن، حکومەتی کاتی سووریا "هەوڵدەدات بزووتنەوەی ژنان لەناوببات، بە پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە تەڤگەری ژنان بناغەی کۆمەڵگەیە.
حەوت ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یەپەژە کردووە و بە پشتبەستن بە ئەزموونەکەی دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان لاواز نین و توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە: بە هێز و ئیرادەی خۆمان دەتوانین لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام بین.
جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان خاوەنی توانای هەموو شتێکن، لەوانەش چەکی هەڵگرتن، هەروەها ژنان تاکە کەسن کە دەتوانن ژنانی دیکە بپارێزن، چونکە خاوەنی هێز و ئیرادە و بوێری وەستانەوە دژی دوژمنان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت هیچ ژنێک هەست بە لاوازی بکات و کەس ناتوانێت ئیرادەی بشکێنێت، هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ ژنانی سووریا دەخوازم، ژنانیش لە هەر شوێنێک بن پاڵپشتی یەکتر بن بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتنمان بەدەست بهێنین.