لە ڕۆژی جیهانی مۆزەخانەدا فێستیڤاڵێک لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو

لە ڕۆژی جیهانیی مۆزەخانەکاندا، بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی فێستیڤاڵێکی تایبەتی بە چەندین چالاکیی زانستی و کولتووری بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی بەشەکە ساز کرد.

سلێمانی

ئەمڕۆ، لە بەشی شوێنەوار، لە زانکۆی سلێمانی، لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکە، بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی، لە ڕۆژی جیهانی مۆزەخانە، لە فێستیڤاڵێکدا چەند چالاکییەکی زانستی و کەلتووریی، بە پێشکەشکردنی چەندین وێنەو کاری دەستی و کۆکردنەوەی کار و چالاکی خوێندکارەکان، ڤیستیڤاڵەکە ئەنجامدا.

 

پاراستنی مێژوو و ئەرشیفکردنی شوێنەوارەکان

پڕۆفیسۆر د. پاڤێ جەمیل، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە وەک نەریتێکی بەردەوام، بەشی شوێنەوار لە کۆلێژەکەیاندا ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدات و وتی: لە ساڵیادی ڕۆژی مۆزەخانەکاندا، ئەمڕۆ بەشی شوێنەوار چەندین کاری ناوازە نمایش دەکەن، لەوانە ئەو شوێنەوارانەی کە خوێندکاران و مامۆستایان کاریان تێدا کردووە و دۆزیویانەتەوە، وەک شوێنەواری دێکۆن و حەمامی فاتمەخان. هەروەها چەندین کاری مێژوویی و نووسینی بزماری لە فێستیڤاڵەکەدا نیشان دراون، زانستی شوێنەوارناسی مێژوویەکی کۆنی هەیە، دۆکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان کارێکی زۆر گرانە لەسەر شانی مامۆستایان. ئێمە لە زانکۆی سلێمانی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە خۆمان هەیە، ڕاستە بە زەحمەت دەتوانین کاری تێدا بکەین و شرۆڤە بۆ پارچەکان بکەین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوامین لە کارکردن لەسەر شوێنەوارەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: زانستی شوێنەوار ناسی زانستێکی کۆنی هەیە، بە دۆکۆمێنت و ئەرسیفکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان زۆر گرانە لەسەر مامۆستایان، هەروەها خۆمان لە زانکۆی سلێمانیدا مۆزەخانەمان هەیە، ڕاستە بە زەحمەت دەتوانین کاری تێدا بکەین و شرۆڤەی پارچەکان بکەین بەڵام ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لە شوێنەوارەکاندا.

 

ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژن لە سەردەمە مێژووییەکاندا

شەم سەلام، خوێندکاری بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی، دەربارەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا وتی: کارەکەی من باس لە ڕۆڵی ژن لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا دەکات. لە ڕێگەی نووسین و پەیکەرەکانەوە ئەوە دەردەخەین کە ژنان لە کۆندا چۆن کاریان کردووە و ژیاون، یان چۆن وەک خواوەند سەیر کراون. من باسی ژنانی خواوەند و ژنانی ئاساییم کردووە؛ کە لە کۆندا کاری فەڕشچنین و مۆسیقاژەنینیان ئەنجامداوە، هاوکات باسی ژیانی شاژنەکانیشم کردووە کە کاتی خۆیان چۆن بەسەر بردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شەم وتی: چەندین پەیکەری دیکەمان دۆزیوەتەوە کە ژنانن بە ڕووتی، کە ئەمەش کاتێک لە بابەتەکان و پێگەی ژنان لە ناوچەکەدا دەڕوانین، دەردەکەوێت کە ژنان لەو سەردەمانەشدا کار و پیشەی تایبەت بە خۆیان هەبووە.