لە ڕۆژێکدا ٢٧ کەس لە غەززە کوژراون ٧ ژن و ١٠ منداڵیان تیدایە

سەرچاوە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل کە ناوچەکانی شاری غەززە و خان یونس لە باشووری کەرتی غەززەیان کردە ئامانج، ٢٧ کەس کوژراون، کە لەناویاندا ٧ ژن و ١٠ منداڵ هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، تاکو ئێستا زیاتر لە ٦٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 

لە ٤١هەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کەرتی غەززە ڕۆژی  ١٩ی تشرینی دووەم، شایەتی ڕۆژێکی خوێناوی بوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی تیمەکانی بەرگری شارستانی بڵاویان کردۆتەوە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە قورسەکان کە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی غەززە و خان یونس دەستیپێکرد، ٢٧ کەس کوژراون، کە لەنێویاندا ٧ ژن و ١٠ منداڵ هەبووە، زیاتر لە ٧٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە بەهۆی نەچوونە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە وەستاوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەرگری شارستانی، لە شەوی نێوان چوارشەممە بۆ پێنجشەممە، لە بۆردومانێکدا کە شاری خان یونسی باشووری غەززەی کردە ئامانج، ٥ کەس کوژراون، هەروەها زنجیرە هێرشێکی دیکە لە شاری ڕەفەح ئەنجامدراون، ئەمەش دەریدەخات شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا مەترسیدارن.

 

ئاوارەکان لە کەرتی غەززە چەند ڕۆژێکە بەدەست بارودۆخێکی زۆر سەختەوە دەناڵێنن، لە ژێر باران و سەرما و بایەکی زۆردا لەناو چادرەکاندا گیریان خواردووە، ئەمەش بووەتە هۆی داڕمانی بەشێک لە چادرە قەرەباڵغ و وێرانەکانیان کە لە کەنار دەریاکەدا هەڵیانکردبوو.