لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڕەشەی مەرگ لە مامۆستایانی ژن دەکرێت
زۆرێک لە مامۆستایانی ژن و کارمەندانی پەروەردەیی بە تۆمەتی ئەمنی پەیوەست بە هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ یان پەیوەندیکردن لەگەڵ میدیای بیانی، ڕووبەڕووی دادگاییکردنی و سزای توند دەبنەوە، لەوانەش سزای زیندانی درێژخایەن یان سزای لەسێدارەدان.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی چەند مانگێکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەربڵاوە کە هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی دەستبەسەرکردن، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان تەنها لە چالاکوانان و سیاسییەکاندا سنووردار نەبوون، بەڵکو ئەو مامۆستایانە و کارمەندانی پەروەردەیەشیان کردۆتە ئامانج کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە یان هاوسۆزییان لەگەڵ خۆپیشاندەران دەربڕیوە.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، مامۆستا مەستوورە نەریمانی کە لە ١١ی کانوونی دووەم لە شاری ئەهواز دەستبەسەر کراوە، دوای ئەوەی تۆمەتبار کراوە بە ناردنی ڤیدیۆ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بیانی، ڕووبەڕووی مەترسیی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.
دۆسیەکەی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانتردایە کە مامۆستایانی ژنی دیکەی کردۆتە ئامانج کە ڕووبەڕووی سزای توند بوونەتەوە، لەوانەش سزای درێژخایەنی زیندانیکردن و ڕێگریکردن لە پراکتیزەکردنی پیشەکەیان، ئەمەش گوزارشت لە ڕادەی ئەو فشارە دەکات کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا لەسەر ئەو ژنانەی کە لە کەرتی پەروەردەدا کار دەکەن.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان بوونی نزیکەی ٥٠ تەرمی نەناسراوی ژنانیان ئاشکرا کردووە کە پێدەچێت زیانلێکەوتووی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بن، کە لە بەشی پزیشکی دادوەری تاران ڕاگیراون.
لە ڕاپۆرتێکدا، کە لەلایەن کۆمەڵەی زانستی خوێندکارانی کۆمەڵناسی لە زانکۆی ’’تربيت مدرس’’ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو تەرمانە نیشانەکانی توندوتیژییەکی زۆریان لەسەرە، لەوانە برینداربوونی دەموچاو، شکانی کەللـە سەر و خوێنبەربوونی توند، ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادەڕۆییە لە بەکارهێنانی هێز دژی ژنانی خۆپیشاندەر.
تێبینییە مەیدانییەکان دەریانخستووە، کە ڕێژەیەکی زۆر لە زیانلێکەوتووان ژنانی گەنجن، هەروەها نەبوونی ڕوونی و ڕێکارە دادوەرییە دادپەروەرەکان ڕێگری لە ناسینەوەیان کردووە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە "تەرمی نەناسراو" بۆ شاردنەوەی ڕادەی سەرکوتکردنەکە بەکاردەهێنرێت.
لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەربڵاو بووە کە بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەزاران کەسی کوشتووە، سەدان دەستگیرکراو لە نێویاندا ژنان و مامۆستایان، لە کاتێکدا فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتت کوردستان و ئێران زیاتر ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە.