لە زاخۆ ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
لە شارۆچکەی زاخۆ، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەقۆ کوژراو تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی '٤٠٥' لە یاسای سزادان، دەستگیر کراوە.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی ناو خێزانەکان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو پیاوان بۆ کوشتنی ژنان پەنا بۆهەر ڕێگەیەک دەبەن، لە نوێترین رووداوا شەوی ڕابردوو لە زاخۆ ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ، ڕووداوەکە لە گەڕەکی کارێز لە نزیک کاتژمێر ٦ـی ئێوارە تۆمار کراوە؛ تێیدا تۆمەتبارێک بە ناوی (ی،خ،م) تەمەن ٤٤ ساڵ، بە چەقۆ هێرشی کردوە و هاوژینەکەی بە ناوی (د،ع) تەمەن ٣٦ ساڵ کوشتوە، هەروەها کەسێکی دیکەی بە ناوی (ح،ع،م) تەمەن ٥٢ ساڵ بریندار کردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، دەستبەجێ تیمە تایبەتەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و رێکارە پێویستەکانیان ئەنجام داوە. تۆمەتبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بە بڕیاری دادوەر، لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستپێکردوە.
ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانی "کوشتنی بەمەبەست"؛ بەپێی ئەم ماددەیە، هەر کەسێک بە مەبەست و بەبێ ئەوەی پێشوەختە پیلانێکی بۆ دانابێت کەسێکی دیکە بكوژێت، سزاکەی بریتی دەبێت لە زیندانیکردنی هەمیشەیی یان کاتی (بە پێی بارودۆخ و بڕیاری دادوەر).