لە ئومدورمان هێرشی تۆپ: ٦١ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا

لە شاری ئۆمدورمان لە سودان بازاڕێکی پڕ لە خەڵکی مەدەنی بۆردومان کرا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا نزیکەی ٦١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

سودان

 

لە شاری ئۆمدورمان لە ڕۆژئاوای خەرتومی پایتەختی سودان، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر بازاڕێک، بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی هێرشی تۆپخانەکەدا ٦١ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

خۆبەخشەکان و کارمەندانی تەندروستی نیگەرانن

یەکەکانی پزیشکی فریاگوزاری کە بنکەکانیان لە خەرتومن، داوای هاوکاریی بەپەلەیان کردو ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکەی دوێنێدا خەڵکێکی زۆر بریندار بوون و داوای دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و بەتانی و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دەکەن، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، پێویستیان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بە سەختی برینداربوون.

 

ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارمەندانی تەندروستی لە مەترسیدان بەهۆی زیادبوونی توندوتیژی و بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی، کارمەندانی چاودێری تەندروستی لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بریندارەکان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبنەوە، داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد کە ڕێز لە بنەما مرۆییەکان بگرن و سەلامەتی کارمەندانی تەندروستی مسۆگەر بکەن و خۆیان لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە پزیشکییەکان بەدوور بگرن.

 

بانگەواز بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی

بەهۆی وێرانکارییە بەرفراوانەکانی ناوچەکە و داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی عەلنو لە ئۆمدورمان گواستراونەتەوە، ئەم نەخۆشخانەیە تاکە دامەزراوەی چالاکە لە هەرێمەکە، ژمارەی نەخۆشەکان لە توانای نەخۆشخانەکە زیاترە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی بریندارەکان، لەڕووی کەرەستەی پزیشکییەوە ئاستەنگی زۆر ڕوودەدات، بۆیە دەستوەردانی بەپەلەی تیمە تەندروستییەکان لە مەترسیدایە، یەکەکانی فریاکەوتن لە خەرتوم ڕایانگەیاندووە کە ئۆتۆمبێلیفریاکەوتن و کارمەندانی چاودێری تەندروستی لەژێر هێرشی قورسدا کاردەکەن و دەستڕاگەیشتنیان بە ناوەندە تەندروستییەکان تادێت قورستر دەبێت، بە ئامانجکردنی ڕاستەوخۆی دامەزراوە پزیشکییەکان ژیانی  کارمەندی چاودێری تەندروستی و خۆبەخش و نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە، پاراستنی کارمەندانی تەندروستی و خۆبەخشەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مەرجێکە، دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە تەندروستییەکان بوەستێندرێت.

 

تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە لە سودان پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوودەدات، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای کۆتاییهێنان بە ململانێکان دەکەن، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە ململانێکان گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس ئاوارە و پەنابەر بوون.