"لە ئێستادا ژنان هەوڵ دەدەن ببن بە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان"
ئابوری سەربەخۆ یەکێکە لەڕێگاکانی خۆبوونی ژن و سۆزان فەرەج، چالاکوان دەڵێت: ژنێک کە خاوەن ئابوری خۆی بێت، لە کۆمەڵگەدا جیاوازتر سەیری دەکرێت و ڕاوێژی پێدەکرێت.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- بەشێکی زۆر لە ژنان لە ڕێگەی کۆکردنەوەو جێبەجیکردنی پرۆژەکانیانەوە هەوڵ دەدەن ببن بە خاوەن ئابووری
سەربەخۆی خۆیان و ئەمەش وادەکات ڕێژەی کارکردرنی ژنان ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات.
سوزان فەرەج، چالاکوان لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەڵەبجە سەبارەت بە ئابوری سەربەخۆی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان دەبێت خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان بن، ببنە خاوەنی ئابوری خۆیان، چونکە پێگەیەکی تایبەتی پێدەدات، لەناو کۆمەڵگەو لە ناو خێزاندا، کە سەیری ئەو ژنە دەکەین خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیەتی، جیاوازترە لەو کەسەی کە خاوەن هیچ نییە لە کۆمەڵگەدا. زیاتر گوێ بۆ قسەی دەگیرێت و زیاتر راوێژی پێدەکەن.
ژنان و پیاوان پێکەوە کاردەکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئێستا بە شێک لە کۆمەڵگەی کوردی بە ژن و پیاوانەوە لەسەر کارن، بەڵام هێشتا بەشێک لە ژنان ڕێگەیان پێنادرێت کار بکەن و خاوەن داهاتی خۆیان بن، وتی: ئێستا وایلیبهاتوە چ ژنان چ یاوان دەبێت کار بکەن و گرنگە لەم رۆژەدا ژنان ئەو کارەی دەیکەن یان ئەو بەهرەیەی هەیانە پەرەی پێبدەن و بتوانن کاری لەسەر بکەن، تاوەکو لە دوارۆژ نەبنە ئەرک و پێیان بوترێت کاری نییە بۆیە وایلێهاتووە.
وتیشی: وەک رێکخراوی تواناسازی و وەک چالاکوان کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ژنان بکەین بە خاوەن کاری خۆیان، ریکخراوەکان کار بۆ ئەوە دەکەن و ئامانجیانە ژنان لەماڵەوە بهێننە دەرەوە، ڕێژەیەکی باش لە ژنان لە کاردان و لە ئێستاشدا کار لەسەر ئەو ژنانە دەکەین لەدەرەوەی شارەکان وەک پێنجوێن و سەید سادق و دورن لە کاری مەدەنی وە سەرنجمان لەسەر ئەوانەیە، چونکە بە پێی ئەو ئامارەی کردوومانە لەو ناوچەیە ژنان زۆر داخراون، تاوەکو ئێستاش ڕێگەی کارکردنیان پێنادرێت، بۆیە ئیمە کار دەکەین تاوەکوو هەلەکان بدۆزینەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا سۆزان فەرەج وتی: چەندین ساڵە کار دەکەین لە بواری ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی یان ئەوەتا پەیامی ئێمە ناگات کە هۆشیاری بگەیەنین، یان ژنان ئاگادار نین، بەڵام ئامانج لە هەر کارێک ئەگەر بەریژەیەكی کەمیش بیت واتە ئەگەر ٢٠ ژن هاتبێتنە دەرەوە دووانیان بووبێتنە خاوەن کاری خۆیان، ئامانجەکەمان بەدەستهاتووە، بە خۆشحاڵیەوە توانیومانە لە هەڵەبجەو دەوروبەری بە شێوازێکی زۆر باش هەنگاو بنێین و یەکێک لەو شتانەی زۆر گرنگە لەئیستادا ئەوەیە ژن ببێت بەخاوەن ئابوری سەربەخۆ تاوەکو ئازادی و سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت.