"لە ئەرکدا هاوبەشین لە مافدا بێ بەشین"
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی بۆ فەرمانگە و گەنجینەکان ناردوە بۆ ئامادەکردنی زانیاری فەرمانبەران، بەڵام فەرمانبەران متمانە ناکەن و داوادەکەن هەرچی زووترە بکرێنە هەمیشەیی.
هەڵەبجە
ماوەی چوار هەفتەیە فەرمانبەرانی گرێبەست بە مەبەستی بە هەمیشەیی کردنیان لەسەر شەقامن و داوادەکەن حکومەتی هەرێم وەڵامی داواکانیان بدەنەوە، ئەمڕۆش فەرمانبەرانی گرێبەست لە شاری هەڵەبجە گردبوونەوە.
ڕەنگین هیدایەت، فەرمانبەری گرێبەست لە خوێندنی باڵا، باس لەوەدەکات پاش خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی گرێبەست حکومەت دوو فۆڕمی ناردوە زانیاری لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستە، "تەنها مەبەستیان لێی ئەوەیە فەرمانبەران سەرقاڵ بکەن تا نەیەنە سەر شەقام، بەڵام تاوەکو نەکرێین بەهەمیشەیی ئێمە بەردەوام دەبین لە هاتنە سەرشەقام".
ڕەنگین بانگ لە سەرجەم فەرمانبەران دەکات کە بێنە سەر شەقام و نەترسن چونکە ئەگەر نەتوانن بمانکەن بە هەمیشەی ئەو مافەشیان نییە لە کارەکانمان دوورمان بخەنەوە بۆیە داوا دەکات سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بێنە سەر شەقامەکان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سالار جەبار، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، باسی لەوەکرد کە داوادەکەن دابمەزرێن و بکرێنە هەمیشەیی، سەرجەم دەرماڵەکانیان بۆ تەرخان بکرێت و چارەسەر بۆ ئەو فەرمانبەرانە بدۆزرێتەوە کە نزیک خانەنشینین، داواشیان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد کە بێ بەشیان نەکەن لە مافی یاسایی خۆیان و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکانیش پشگیری فەرمانبەرەکانیان بن
ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٤ هەزار فەرمانبەرە و بە مەبەستی دامەزراندنیان ئەمڕۆ لە ڕانیە، قەلادزێ و گەرمیان گردبوونەتەوە.

ت.پ