لە ئێراندا قەیرانی ئاو قووڵتر دەبێتەوە: گەورەترین بار لەسەر شانی ژنانە

سەرەڕای زیادبوونی بارانبارین و باشبوونی بەشێکی لە یەدەگی بەنداوەکانی ئێران لە ساڵی ئاوی ٢٠٢٦دا، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە قەیرانی ئاو بەردەوامە. کێشەکانی وەکو کەمبوونی ئاوی خوارنەوە، کۆچبەری و نەبوونی ئاسایشی خۆراک زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان دروست دەکەن

ناوەندی هەواڵ

سەرباری بارانبارینی زۆر لە ساڵی ئاوی ٢٠٢٦ دا و دووبارە پڕبوونەوەی بەشێک لە بەندااوەکانی ئێران، بەپێی وتەی شارەزایان ئەم باشبوونە بە مانای کۆتاییهاتنی قەیرانی ئاو نایەت. ئێران هێشتا لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە ڕووبەڕووی "گوشاری زۆر توندی ئاو" دەبنەوە.
بەپێی پەیمانگای سەرچاوەکانی جیهان (WRI)، ئێران ساڵانە زیاتر لە %٨٠ی سەرچاوە ئاوییە نوێبووەوەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. بەردەوامیی ئەم ڕەوشەش هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئاسایشی ئاوی وڵاتەکە دروست دەکات.


تاران، قوم، مەشھەد و ئەراک ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبنەوە
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی کەشناسی و وەزارەتی وزە، لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ەوە، بارانبارین لە وڵاتەکەدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و ئاستی ئاوی بەنداوەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ ملیار مەتر سێجا. سەرباری ئەمەش، بەرپرسانی کەرتی ئاو ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی گرنگی بارانەکە لەبری ئەوەی بگاتە کۆگاکانی بەنداوەکان، سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی تێر دەکات؛ لەبەر ئەوە شارەکانی وەک تاران، قوم، مەشھەد و ئەراک ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبنەوە.
وتەبێژی پیشەسازیی ئاو و ئاوەڕۆ، بۆ ڕێگری لە کەمیی ئاو لە مانگەکانی هاویندا و دابەشکردنی ئاو بە بەشەخۆراک (کارت)، داوای لە هاوڵاتییان کرد بەکارهێنانی ئاو بە ڕێژەی %١٥  تا%٢٠  کەم بکارێنن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تەنها نزیکەی %٧ی ئەو ئاوەی لە وڵاتەکەدا بەکاردەهێنرێت لە ماڵاندا سەرف دەکرێت، لە کاتێکدا زیاتر لە %90ی سەرچاوەکانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێنرێت.


بەپێی وتەی شارەزایان، بێ ئەنجامدانی چاکسازیی پێکهاتەیی لە بەڕێوەبردنی ئاودا، تەنها جەختکردنەوە لەسەر دەستپێوەگرتنی ئاو لە ماڵاندا بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە. سیستەمی ئاودێریی کۆن، بەکارهێنانی زۆری ئاوی ژێرزەوی، کشتوکاڵی فرەئاوخۆر و سیاسەتی بەنداوەکانی ڕابردوو وەک هۆکاری سەرەکیی قووڵبوونەوەی کەمیی ئاو لە ئێراندا دەستنیشان دەکرێن. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئێران لە ساڵانی دواییدا بەشێکی گرنگی لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لەدەستداوە. بەتایبەتی لە تاران لە زۆرێک لە ناوچەکاندا بەهۆی دەرهێنانی زۆری ئاوەوە زەوی دادەچێت، هەروەها وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو کۆچکردنی گوندنشینانی خێراتر کردووە، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کەمکردووەتەوە و نائاسایشیی خۆراکی زیاتر کردووە.


قەیرانی ئاو بە شێوازێکی ناهاوسەنگ کاریگەری لەسەر ژنان دادەنێت
شارەزایان دەڵێن قەیرانی ئاو بە شێوازێکی ناهاوسەنگ کاریگەری لەسەر ژنان دادەنێت. ئەو ژنانەی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر بۆ دابینکردنی ئاو، بەخێوکردنی خێزان و بەڕێوەبردنی پێداویستییە ڕۆژانەکان دەگرنە ئەستۆ، لە هەمان کاتدا دەرفەتی کار و داهاتیان کەم دەکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، پیسبوونی ئاو هەڕەشەیەکی گەورە دروست دەکات. پیسبوونی ڕووبارەکان و تێکەڵبوونی ئاوی پیس بە سەرچاوەکانی ئاوەوە، تەندروستیی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە. شارەزایانی ژینگە جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنانەت ئەگەر بارانبارینی سەرووی ناوەند بۆ چەند ساڵێکیش بەردەوام بێت، بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەکارهێنانی زۆری سەرچاوەکانی ئاو لە دەیەکانی ڕابردوودا. بەپێی وتەی شارەزایان، تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە لەبری پشتبەستن تەنها بە بارانی وەرزی یان دەستپێوەگرتنی ئاوی ماڵان، پێویستی بە چاکسازیکردن لە سیاسەتەکانی بەڕێوەبردنی ئاو، مۆدێرنکردنی ژێرخانی کشتوکاڵی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی هەیە.