ژنان و منداڵانی تەعز بە هۆی گەمارۆدان و تێکچوونی بارودۆخی ژیان ڕووبەڕووی ڕاستی سەخت دەبنەوە

گەمارۆ و هێرشەکان لە شاری تەعزی یەمەن، ژنان و منداڵانی تووشی قەیرانی ژیان کردووە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش بووەتە ئاستەنگێکی ڕۆژانە.

یەمەن

 

شاری تەعز کە شارێکە لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن، ژنان و منداڵان لە دەرئەنجامەکانی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست و دووبارە هێرشەکان و توندکردنەوەی گەمارۆکان ڕزگاریان نەبووە. خۆیان دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی خراپتربوونی دۆخێکی ژیان دەبنەوە، کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ژیانی پێش ململانێکان هەیە، بەدەستهێنانی بتڵێکت غازی چێشت لێنان یان بڕێکی کەم ئاو، دوای چەندین کاتژمێر لە چاوەڕوانی لە ڕیزێکی درێژدا، بووەتە تاقیکردنەوەیەکی ڕۆژانە کە بارگرانی لەسەر خێزانەکان دروست دەکات و منداڵان لە کاتی یاریکردنیان دەدزێت و لە منداڵییەکی ئاسایی بێبەشیان دەکات.

 

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، هەڵکشانی سەربازیی ئەم دواییە و پێکدادانەکانی دواتر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان لە تەعز، بەهۆی داخستنی ئەو ڕێگاوبانانەی کە بەرەو ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە دەچن، تێچوونەکان سێ بۆ پێنج هێندە زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە تەنانەت پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکان بۆ زۆرێک لە خێزانەکان بە نرخێکی گونجاو نەبن.

 

گەمارۆدانی حوسییەکان بۆ سەر تەعز، ئازاری سەدان هەزار دانیشتووانی زیاتر کردووە، نرخی کاڵا سەرەتاییەکان پێنج هێندە بەرزبووەتەوە، ڕێگاکانی بەرەو شارەکە بە داخراویی ماونەتەوە و هەوڵە مرۆییەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان جوڵێندراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی ئاوارەبوون لە ناوچە شەڕکەرەکان لە ڕۆژئاوا و باشووری وڵات پەرەدەستێنێت.

 

کاریگەری گەمارۆ لەسەر ژیانی ڕۆژانە

 

ڕیم عەتوری، پەیامنێری ڕۆژنامەی تەعز تایمز ڕایگەیاندووە، ئەو گەمارۆیەی بەسەر تەعزدا سەپێنراوە تەنها بە داخستنی ڕێگاوبان و کەمی سووتەمەنی سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووان، لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیاندا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زیاتر دەبنەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئازار بووەتە ڕاستیەکی ڕۆژانە بۆ هەموو خێزانێک.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا زۆرێک لە خێزانەکان توانای کڕینی غازی چێشت لێنانیان نییە، بەهۆی کەمی سووتەمەنی و گرانیی تێچووی ژیان، ناچاریان دەکات پەنا بۆ دار سووتاندن و شێوازی بەدیلەکانی چێشت لێنان ببەن. ڕوونیشیکردەوە، ئەو بارودۆخانە بارگرانی لەسەر ژنان زیاتر دەکەن، کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵەوە و ئامادەکردنی خۆراک بۆ خێزانەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، سەرەڕای کەمترین سەرچاوەکانیان.

 

ڕوونیکردەو، کە ئازارەکان بە قەیرانی غاز کۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ گرانبوونی تێچووی گواستنەوە و سەختی گەیشتن بە نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، ئەمە جگە لەو سەختییەی خێزانەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستەبەرکردنی ئاو و کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە کاردانەوەکانی گەمارۆدانەکە کاریگەری لەسەر کەرتە جیاوازەکان هەیە، لەوانە ئاو، تەندروستی، پەروەردە، گواستنەوە، وتی: کەمیی سووتەمەنی نەک تەنها کاریگەری لەسەر جوڵەی هاوڵاتیان هەیە بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکیانە هەیە کە دانیشتووان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان پشتیان پێدەبەستن.

 

ڕیم ئەتوری داوای گەیاندنی ئازارەکانی خەڵکی تەعز بە جیهان و تیشک خستنە سەر ئەو بارودۆخە سەختە مرۆییەی کە بەرگەی دەگرن، جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئازارە وەک ڕاستیەکی ئاسایی کە دانیشتووان پێی ڕاهاتوون کردەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆدانەکە تەنها داخستنی ڕێگاکان نییە؛ کاریگەرییەکانی درێژدەبێتەوە بۆ تێکدانی ژیانی ڕۆژانە و دواخستنی خواستەکانی دانیشتووان، بارگرانی لەسەر ئەو خێزانانەی کە بە هیچ تاوانێکی خۆیانەوە ئەم سەختییانە هەڵدەگرن.

 

منداڵانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو

 

ئیخلاس ئەمین، هاوڵاتی باسی لە خۆڕاگری خەڵکی تەعز کرد سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان، جەختی لەوە کردەوە، کە کاردانەوەکانی ئەو گەمارۆیە کاریگەری لەسەر هەموو گروپە تەمەنییەکان هەیە، لە منداڵانەوە تا بەتەمەنەکان، کە ڕووبەڕووی زیادبوونی ئاستەنگی دەبنەوە لە بەدەستهێنانی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، بەتایبەتی غاز و ئاوی چێشت لێنان.

 

باسی لە قەیرانی غاز کرد و ڕوونیکردەوە، کە بەدەستهێنانی بە بەراورد بە پێش ململانێکان لەڕادەبەدەر قورس بووە، هاوڵاتیان ناچارن بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕیزی درێژدا بوەستن بەو هیوایەی بوتڵێک غازیاندەست بکەوێت، بەڵام بەهۆی کەمی بڕەکەیەوە ڕەنگە بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە ماڵەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی ئاو سێبەرێکی بەسەر ژیانی منداڵاندا خستووە، کە ئێستا لەبری یاریکردن و سەرقاڵبوون بە چالاکییەکانی ڕۆژانەیان، کاتژمێرێکی زۆر لە ڕیزدا چاوەڕێی بەدەستهێنانی ئاو دەکەن، ئەمەش لە بەشێکی تەمەنی منداڵییان بێبەش دەکات و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکانی دەرەوەی ساڵانی خۆیان.

 

دامەزراوە تەندروستییەکان کە ڕووبەڕووی کەمیی دابینکردن دەبنەوە

 

ئیخلاس ئەمین ڕایگەیاند، کە کاردانەوەکانی گەمارۆدانەکە تەنها لە ماڵ و بازاڕەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان، کارمەندانی پزیشکی ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە لە دەستەبەرکردنی ئۆکسجین و پێداویستییە پزیشکییەکان، ئەمە جگە لە کەمی ئاو و دەرمان، کە ئەمەش ئازاری نەخۆشەکان زیاتر دەکات، بەتایبەت ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری و چارەسەری بەردەوام هەیە.

 

ڕوونیکردەوە، کە نەبوونی ئەم پێداویستیانە ئاڵەنگاری زیاتر بۆ هەردوو نەخۆش و کارمەندانی پزیشکی دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان پێویستیان بە ڕۆیشتنی بەردەوامی پێداویستییە پزیشکییەکان و سووتەمەنی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان پشکێکی بەرچاو لە لێکەوتەکانی قەیرانەکەدا هەڵدەگرن، بەتایبەتی کە هەندێکیان ناچارن دار بۆ چێشت لێنان بەکاربهێنن دوای ئەوەی ناتوانن غازی چێشت لێنان بەدەستبهێنن، کە ئەمەش بەرکەوتن بە دوکەڵ و سەختی ئامادەکردنی ژەمەکان بە بەکارهێنانی شێوازە نەریتییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەموو ئەمانە لە ژێر بارودۆخی ژیانی سەختتردا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گەمارۆدانەکە کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە، لە ژن و منداڵەوە تا بەتەمەنەکان و نەخۆش، چ لە ماڵەوە بێت یان لە نەخۆشخانەکان، بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخانە بارگرانی ڕۆژانە لەسەر ئەو خێزانانە چڕتر دەکاتەوە کە لە خەباتدان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بە سەرچاوەیەکی سنووردار.

 

ئیخلاس ئەمین لە کۆتایی قسەکانیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی سەر شاری تەعز و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی دانیشتوانەکەی کرد، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بڕیاردەرانی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی هەڵبگرن و هەنگاوی جددی بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ئازارە.