"لە ئێران ژنێک بە رێکخستنی خۆپیشاندان تۆمەتبار دەکرێت"

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، کە لە تاران ژنێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی چالاکیی نوێ دەستبەسەر کراوە، ناسنامەی ژنەکە و شوێنی دەستبەسەرکرانی نەخراونەتە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادگایی ئێران ڕایگەیاند، کە ژنێک لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی تاران دەستبەسەر کراوە، لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لەوە دەکرێت کە ئەو ژنە هەوڵی داوە خۆپیشاندانی نوێ ڕێکبخات و ئەو دروشمانەی کە خۆپیشاندەران بەکاریان دەهێنن، ئاڕاستە بکات.

 

بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنە ئێرانییەکان، ئەو ژنە دەستبەسەرکراوە ڕۆڵی هەبووە لە هەوڵدان بۆ سازدانی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی کاتە ئاساییەکان و لە گۆڕینی دروشم و داواکاری خۆپیشاندەران، دەسەڵاتی دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو پلانی داناوە بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی گەورەتر لە تاران و پەیوەندی لەگەڵ کەسان و گروپەکانی دەرەوەی وڵاتدا دروست کردووە.

 

تۆمەتەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە

 

هەرچەندە ناو یان ناسنامەی ئەو ژنە دەستبەسەرکراوە لە ڕاپۆرتەکاندا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وردەکارییەکان سەبارەت بە تۆمارێکی تاوانکاری کە گوایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بڵاوکراونەتەوە، هەروەها دوابەدوای ڕووداوەکانی ١٨ و ١٩ی نیسان، لە ڕێگەی سنوورێکی وشکانییەوە لە ئێران دەرچووە و گەشتێکی بۆ ئەرمینیا کردووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

 

دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند، تۆمارێکی دەنگی دەستکەوتووە کە گوایە هی ئەو ژنەیە، بەڵام تۆمارە دەنگییەکان و بەڵگەکان کە دەتوانن ئەم بانگەشانە پشتڕاست بکەنەوە، لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش نەکراون.

 

ناسنامەی ژنەکە ئاشکرا نەکراوە

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە کەی و لە کوێی دەستبەسەرکردنی ژنەکە، ناسنامەکەی، شوێنی دەستبەسەرکردنی، ئەو تۆمەتە فەرمیانەی کە ئاراستەی کراوە، نەخراوەتەڕوو، جگە لەوەش هیچ زانیارییەک سەبارەت بە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر یان توانای پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانەکەی نەدرا.