لە ئێران ژنان بەراورد بە پیاوان ڕۆژانە ٢٧ خولەک کاتی پشووی کەمتریان دەست دەکەوێت

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران ئاشکرای کرد کە ژنان سەرەڕای ماندووبوون لە ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵ، ڕۆژانە بە بەنزیکەیی ٢٧ خولەک کاتی پشووی کەمتریان بەراورد بە پیاوان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتدا نزیکەی ٥ کاتژمێر بۆ کاری ماڵی بێبەرانبەر تەرخان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ژنان ڕۆژانە بە نزیکەی ٣ کاتژمێر و ٤٨ خولەک بۆ کولتوور، وەرزش، میدیا و خۆشی تەرخان دەکەن، پیاوان، ئەم ژمارەیە ٤ کاتژمێر و ١٥ خولەکە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژنان بەراورد بە پیاوان هەموو ڕۆژێک ٢٧ خولەک کاتی بەتاڵی کەمتر بەسەر دەبەن.

 

بەڵام جیاوازی راستەقینە لە شوێنێکی تردا دەردەکەوێت، ژنان ڕۆژانە بە بەنزیکەی ٤ کاتژمێر و ٤٦ خولەک بۆ کاری ماڵی بێبەرانبەر تەرخان دەکەن، لە دروستکردنی خواردن و پاککەرەوەوە، تا چاودێریکردنی ئەندامانی خێزان، بەڵام  پیاوان، ئەم ژمارەیە تەنها کاتژمێرێک و ٤ خولەکە.

 

بۆ ژنانی کرێکار دۆخەکە سەختترە

دۆخەکە بۆ ژنانی کرێکار سەختترە، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی ماڵیش کار دەکەن، بەڵام قورسایی سەرەکی کاری ماڵ هەڵدەگرن و لەناو هەموو کۆمەڵێک ژناندا کەمترین کاتی بەتاڵ پشکی ئەوانە، ڕۆژانە، تەنها ٢ کاتژمێر و ٤٩ خولەکە.

 

ئەمەش بە تایبەت لە منداڵبووندا دیار دەبێت،  ژنانی تەمەن ٢٥ بۆ ٣٩ ساڵ زیاتر کاتی خۆیان بۆ کاری ماڵ یەرخان دەکەن  و کەمتر کاتی خۆیان بۆ خۆیان بەسەر دەبەن، چونکە ئەوان لە هەمان کاتدا ژیانی خێزانی و چاودێریکردنی منداڵ بەڕێوە دەبەن.

 

ئامار و ڕاستییە هەنووکەییەکان

بێگومان، ئامارەکان هەموو ڕاستییەکە نیشان نادەن، ژنێک دەتوانێت لە کاتی دروستکردنی خواردن یان چاودێریکردنی منداڵەکانیدا، تەلەڤیزیۆن سەیر بکات یان مۆبایلەکەی بەکاربهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کاتە ناتوانرێت وەک کاتی بەتاڵی ڕاستەقینە هەژمار بکرێت.

 

بۆ زۆرێک لە ژنان، کێشەکە تەنها نەبوونی کات نییە، بەڵکو کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بەشێکی گرنگ لە ژیانیان بە بەردەوامی بۆ کەسانی تر، کاری ماڵ، چاودێریکردنی خێزان و تەنانەت کاری ئۆنلاینیش هێڵی نێوان کار و پشووی تێکەڵ کردووە.

 

داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران جارێکی تر نیشانی دەدەن، کە دابەشبوونی نایەکسانی کاری ماڵ یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەربەستانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان کاتی بەتاڵ و ژیانی کەسیی یەکسانیان نەبێت.