لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران توندوتیژیی خێزانی٣٠٪ بەرزبووەتەوە
داتاکانی پزیشکی دادوەری ئێران نیشانی دەدەن، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٥ هەزار ژن ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە، بەتایبەت لە کاتی جەنگیشدا ڕێژەکە بۆ ٣٠٪ بەرزبووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ماڵپەڕی ڕادیۆ زەمانەی ئێرانی، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتی جەنگدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بە پێی داتاکانی پزیشکی دادوەری ئێران لە ١٠ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٥ هەزار ژن لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و تۆمار کراون، ئامارەکانی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیش باس لە بەرزبوونەوەی ٣٠٪ توندوتیژیی خێزانی لە کاتی جەنگدا دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژانە ژنانێک دێن کە دەستیان شکاوە، دەموچاویان بریندارە یان بە چەقۆ هێرش کراوەتە سەریان یان تەنانەت ئاگریان تێبەردراوە، هەروەها زۆربەی ئەم ژنانە بە هۆی نەبوونی یاسای پارێزگاری و شوێنێکی پارێزراو ڕاستییەکان دەشارنەوە.
باس لەوەشکراوە، ژنان و منداڵانی چینی کرێکار قوربانیی یەکەمی ئەم قەیرانەن، بەجۆرێک گوشاری سەر پیاوان، لەبری ئەوەی ببێتە ناڕەزایەتییەکی بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگەدا، لەناو ماڵدا بەسەر ژنان و منداڵاندا بەتاڵ دەبێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو مانگانەی کە ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری هەڵاوساندابووە، ژنانی چینی کرێکار زیاتر لە هەر گرووپێکی تر باری ئەم تەنگژەیان کەوتووەتە سەر شان، بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای کرێکار ڕێژەی بێکاریی ژنان گەیشتووەتە ٢٧٪.