لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گرتنی ژنان و ڕەوانەکردنیان بۆ زیندان بەردەوامە

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆرێک لە چالاکوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان کە دەستگیر دەکرێن، سزای درێژخایەنی زیندانییان بەسەردا دەسەپێندرێت و ڕەوانەی بەشی ئەو زیندانیانە دەکرێن کە بەهۆی تاوانی قورسەوە گیراون.

ناوەندی هەواڵ 

 

 بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە زۆرێک لەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن ڕووبەڕووی سزای زیندانی دەبنەوە و ڕەوانەی زیندانی تاوانبارانی قورس دەکرێن. بیبی زەهرا موسەوی، زیندانییەکی تەمەن ٢١ ساڵ کە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو، ڕەوانەی بەشی ئەو زیندانیانە کراوە کە بەهۆی دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەر و سزای قورسەوە گیراون. دادگای شۆڕشی مەشهەد سزای ٢٢ مانگ زیندانی بەسەر غەزال ڕیعایەتدا سەپاند. ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکە ئێستا لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە. زەهرا شەهیدی، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم، سزای دوو ساڵ زیندانی و چەندین سزای تری بەسەردا سەپێندرا.

 

بیبی زەهرا موسەوی لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ بەشی سزادراوانی تاوانە قورسەکان

بیبی زەهرا موسەوی، زیندانییەکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی فەرمانە کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە دەستبەسەرکراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشی زیندانیانی سیاسیی زیندانی وەکێڵاوای مەشهەدەوە، ڕەوانەی بەشی سزادراوانی تاوانە قورسەکان کرا.

 

ئەم دۆخە نیگەرانییەکانی بنەماڵە و کەسوکاری لەسەر ئاسایش و دۆخی دەروونی ئەو زیاتر کردووە. ئەم ڕێکارە نیشانی دەدات کە سیاسەتەکانی فشار و سزادان دژی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەردەوامە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست هاتوون، بیبی موسەوی سەرەتا لە 'بەشی ئاشتی' کە تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی ژن لە زیندانی وەکێڵاوا، گواستراوەتەوە بۆ بەشی کەرەنتینە. لە دوێنێوە ڕەوانەی بەشی ژنانی ژمارە یەک کراوە، کە تایبەتە بەو ژنانەی بەهۆی تاوانی قورس و دۆسیەی ماددەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.

 

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن کە گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی و بیروڕا بۆ بەشە گشتییەکان، بەتایبەت ئەو بەشانەی ئەو کەسانەی تێدان کە بە تاوانی توندوتیژی و قورس حوکم دراون، لەوانەیە وایان لێبکات زیاتر ڕووبەڕووی فشار، هەڕەشەی ئاسایشی و زیانی جەستەیی و دەروونی ببنەوە.

 

چوار مانگ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی و سزای قورسی زیندانی

بیبی زەهرا موسەوی لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستبەسەرکرا، بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، چوار مانگ لە ماوەی دەستبەسەرکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا بەسەر بردووە.

 

تۆمەتەکانی ئاراستەی کراون پێکهاتوون لە: بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان هاندان بۆ تاوان و پڕوپاگەندە، دامەزراندنی ڕێکخراو و ەشداریکردن لە چالاکیی دژی ئاسایشی نیشتمانی.

 

ئەم ژنە گەنجە زیندانییە بە بڕیاری داواکاری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای ١٠ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

سەرچاوەی بژێوی خێزانێک لەژێر سێبەری جیاکاریدا

بیبی زەهرا موسەوی کە دایکی ئێرانی و باوکی ئەفغانییە، پێش دەستگیرکردنی بژێوی خێزانەکەی دابین دەکرد.

کەسکارەکەی دەڵێن دەستگیرکردنی ئەم ژنە تەمەن ٢١ ساڵە و سزای قورسی زیندانییەکەی، خێزانەکەی ڕووبەڕووی کێشەی جدی ئابووری و دەروونی کردووەتەوە.

 

ڕەوانەکردنی بیبی موسەوی بۆ بەشی زیندانیانی ئاسایی ،لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەسەر پەیڕەوکردنی فشار دژی زیندانیانی سیاسی بڵاوکراونەتەوە. لەم ڕاپۆرتانەدا بە وردی باسی شێوازەکانی وەک گواستنەوەی ناوخۆیی، ناردن بۆ بەشە نەشیاوەکان و بێبەشکردنی زیندانیان لە مافە سەرەتاییەکانیان کراوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ڕێکارانە وەک شێوازێکی فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی و خاوەن بیروڕا دەبینن.

 

سزای ٢٢ مانگ زیندانی بەسەر غەزال ڕیعایەتدا سەپێندرا

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هاووڵاتیی بەهایی غەزال ڕیعایەت لەلایەن دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە سزای ٢٢ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری سەرەتایی دادگا ئێستا لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.

 

غەزال ڕیعایەت لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا. لە هەمان کاتدا پشکنین بۆ ماڵەکەی کرا و دەست بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرا.

دوای نزیکەی مانگێک لە دەستبەسەرکردنی کاتی، غەزال ڕیعایەتی هاووڵاتی بەهایی بە کەفالەت لە زیندانی وەکێڵاوای مەشهەد ئازادکرا.

 

زەهرا شەهیدی سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ هەرانە بڵاوکراوەتەوە، زەهرا شەهیدی کە لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا دەستبەسەرکرابوو و ئێستا لە زیندانی ئەڤینی تارانە، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، مەحکومکردنی بووەتە هۆی ئەوەی زەهرا شەهیدی کارەکەی لەدەست بدات. دەوترێت زەهرا شەهیدی لە هەمان کاتدا بژێوی خێزانەکەی دابین دەکرد.

 

وردەکارییەکانی بڕیارەکە، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون و زانیاری لەسەر ئەو دەزگا دادییەی بڕیارەکەی دەرکردووە، بڵاوکراونەتەوە.

 

زەهرا شەهیدی لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕەوانەی بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین کرا. لە ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقام دەستبەسەرکرا و چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێریدا مابووەوە.