کۆمەڵکوژی لە گەڕەکی شێخ مەقسود؛ شەش ئەندامی خێزانێک کوژران

گرووپە جیهادییەکانی هەتەشە لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا خێزانێکی شەش کەسی کوژران کە سێ منداڵیان هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

 گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە تۆپبارانی قورس دەکرێن، کە ڕاستەوخۆ باڵەخانەی نیشتەجێبوون و خەڵکی مەدەنی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە و چەکی قورس دەکەنە ئامانج، کە ئەم پەرەسەندنە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەبی سووریا، ئازاری ئەو هاووڵاتییە بێ بەرگرییانەی کە خۆیان لە هێڵی ئاگردا دەبیننەوە خراپتر دەبێت،  سەرچاوە ناوخۆییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ٩ی کانوونی دووەم بڵاویان کردەوە، شەوی ڕابردوو جیهادییەکانی هەتەشە دوای ئەوەی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکی شێخ مەقسود کردە ئامانج، کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا.

 

تەقینەوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی تەواوی خێزانێکی شەش کەسی کە سێ منداڵیان هەبووە، کە هەموویان لەناو ماڵەکەیاندا بوون کاتێک گولەکان کەوتنە خوارەوە، بەپێی زانیارییەکان، لە بۆردومانەکەدا باوکی بە ناوی ئامین ڕەشو لەگەڵ کچەکەی بەناوی زەینەب ئامین ڕەشو کوژراون، هەروەها شەرفین حەسەنی هاوسەری کوڕی ئامینیش کوژرا، کارەساتەکە هەر بەوەوە نەوەستا، چونکە درێژبووەوە بۆ ئەوەی سێ منداڵەکەی شەرفین حەسەن بە ناوەکانی نورا ڕەشو و ئامین ڕەشو و میرا ڕەشو بگرێتەوە کە هەموویان لە ژێر داروپەردووی خانووە ئامانجدارەکەدا کوژران.

 

سەبارەت بە هاوسەری ئامین ڕەشو، نورا حەسەن، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا بە سەختی بریندار بووە، لە ئێستادا لە ناو نەخۆشخانەی خالد فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقوود چارەسەر وەردەگرێت، کە ئەویش بۆردومان کراوە.

 

ئەم کۆمەڵکوژییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشدا دێت کە گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانی شاری حەلەبیان کردە ئامانج، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە خەڵکی مەدەنی یەکەم و گەورەترین قوربانی ئەم پەرەسەندنە سەربازییەن، هەروەها لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کۆمەڵکوژییانە، ترسەکان لە خراپتربوونی دۆخێکی مرۆیی پەرەدەسەنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی دانیشتووان یان وەستاندنی ئەو ئامێرە جەنگییەی کە بەبێ جیاوازی ژیانی خەڵک لەناو دەبات نییە.