لە یەک ڕۆژدا ٥٦ هاوڵاتیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٥٦ هاوڵاتیی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون، هەروەها بنکەکانی ڕژێمی ئێران، لە ٢٣ پارێزگا کراوەتە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئامارەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ٢٣ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە لانیکەمەوە ١١٧ هێرش ئەنجام دراوە کە ٥١ بنکەی سەربازیی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان و بنکەکانی پۆلیس لە ٢٣ پارێزگای وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٣١ هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون و ٢٥ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، ژمارەی قوربانییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، سنە، ورمێ، سیستان و بلووچستان، ئیسفەهان، ئەلبوورز، ئیلام و تەورێز تۆمار کراون.
باس لەوەشکراوە، لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ ٩٢٦ حاڵەتی کوژرا و بریندار دەکرێت بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دەستپێکی هیرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا هەزار و ١١٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە لەو ژمارەیە ١٨٣ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵیدان.