لە یەک ڕۆژدا ١٠١ هاوڵاتی مەدەنی لە ئێران بوونەتە قوربانی
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٠١ هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون، هەروەها ٣٥ بنکەی سەربازیی و ژێرخانی وزەی ئەتۆمیی کراونەتە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئامارەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ١٥ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە لانیکەمەوە ٣١٢ هێرش ئەنجام دراون، کە ٣٥ بنکەی سەربازیی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس، کۆگاکانی نەوت و ژێرخانی وزەی ئەتۆمی ئێران کراونەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ١٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٩١ هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر تاران، سنە، ئەسفەهان و ئەلبورز ئەنجام دراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا هەزار و ٢٨٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە لەو ژمارەیە ٢٠٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی تێدان.