لە ئەفغانستان لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٩ ژن و دوو منداڵی کچ کوژران

کوشتنی ژنان لە ئەفغانستان لە زیادبووندایەو تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی قەیرانی ئەمنی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا، کە ژنان و منداڵان زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

کابول

 

ئەفغانستان بووەتە گۆڕەپانێک بۆ کوشتنی ژنان هەموو ڕۆژێک ژنێک یان دوو ژن بە هۆی تۆمەتە جۆراوجۆرەکانەوە دەکوژرێن یان ناچار خۆیان بکوژن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاڵیبان هەموو راگەیاندنەکانی کردووە بە ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

 

لەوەتەی تاڵیبان لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی لە ئەفغانستاندا گرتووەتە دەست، کاریگەری تەواوەتی بەسەر ڕاگەیاندنەکاندا بەدەستهێناوە و ڕێگە نادات ئەو ڕاستی و تاوانانەی لە ئەفغانستان ئەنجامدراون بڵاوبکرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکی سنووردار لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن و هەندێک لەو تاوانانە ڕووماڵ دەکەن.

 

به ڵام زۆرێک له کوشتن و توندوتیژی دژ به ژنان به بێ ڕاپۆرت دەمێننەوە، کەشێکی خنکێنەر زاڵ بوو کە تەنانەت ڕێگەی نەدەدا وێنەی ژنانی بریندار بڵاوبکرێتەوە ئەم دۆخە بوێری و ئازادی زیاتری بە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژی ژنان بەخشی بۆ بەردەوامبوون لە پێشێلکارییەکانیان.

 

سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە، دەزگاکەمان توانی دەستی بە ئامار بگات و بڵاوی بکاتەوە، ئاماری کوشتنی ژنان لە نێوان ٢٦ی تشرینی دووەم تا ٢٦ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ١١ ژن و منداڵی کچ کوژراون کە یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی دوو ساڵە، تەمەنی ئەم ژن و منداڵانە لە نێوان ١٥ بۆ ٣٣ ساڵدا بووە.

 

ئەو ١١ ژن و منداڵە بەدەستی پیاوانی وەک باوک و براو کوڕو هاوژینەکانیان کوژراون.