لە وان پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر پێشانگایەکی وێنەکانی ژنان
پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە وان هێرشی کردە سەر پێشانگای وێنەکانی "ئەو ژنانەی ژیانیان کردە بەشێک لە مێژوو"، دەستی بەسەر وێنەکاندا گرت.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بەبۆنەی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە شەقامی هونەریی وان پێشانگای وێنەکانی "ئەو ژنانەی ژیانیان کردە بەشێک لە مێژوو"ـی کردەوە. شەوی ڕابردوو پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر پێشانگاکە و دەستی بەسەر وێنەی ئەو ژنانەدا گرت کە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادییان دەکرد.
پۆلیس لە هەڵکوتانەسەر پێشانگاکەدا دەستی بەسەر وێنەکانی ساکینە جانسز، ئەڤین گۆیی، جیهان بیلگین، گوڵستان تارا، ناگیهان ئاکارسەل، هێرۆ بەهادین و هەڤرین خەڵەفدا گرت.
تەژەئا بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکەی پۆلیس، لەبەردەم گەلەری هونەر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدات.