لە سەیدسادق بە هەڵکردنی مەشخەڵ دژی داگیرکاری وەستانەوە
ژنان و هاوڵاتیانی شارۆچکەی سەیدسادق بە ڕێپێوان و هەڵکردنی مەشخەڵ لە دژی داگیرکاری و هێرش و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ سەر چیاکانی مەتینا، ئاڤاشین، زاپ و ژینگەی ناوچەکانی تری کوردستان وەستانەوە.
سەیدسادق
ئێوارەی دوو شەممە ١٧ی ئایار، هاوڵاتیانی شارۆچکەی سەیدسادق ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ ئیدانەکردنی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر زنجیرە چیاکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ و شەرمەزارکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، لە ڕێپێوانەکەدا هاوڵاتیان و ژنانی سەیدسادق لەسەر پردی سەیدسادق گردبوونەوە و بە هەڵکردن و بەرزکردنەوەی مەشخەڵ بەرەو ناو بازاڕی شار بەڕێکەوتن، لە کۆتایدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و هاوڵاتیانی شارۆچکەکە هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.
لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی یەکێتی گەلی کورد، بژی بەرخودانی ئاڤاشین، بژی بەرخودانی گەریلا، باکور باشور خۆرهەڵات یەک ئامانج و یەک خەبات، بمرێ خیانەت" وترانەوە، هەروەها چەندین پەیامی وەک "دەوڵەتی تورکیا ژیانی گوندنشینانی خستووەتە مەترسییەوە، دوژمن هەرگیز نابێتە دۆستمان، تورکیا مافی نییە خاکی باشوری کوردستان داگیربکات، کۆماری عێراق بۆ بێدەنگە؟، بەرگریکردن ئەرکی هەمو کوردێکە، دەوڵەتی تورکیا یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات" بەرزکرانەوە.
ڕۆژنامەنووس کەلسوم حسێن، لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوو بۆ ژنها دوا: هێرش و داگیرکارییەکانی سەر باشوری کوردستان تەنها ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ساڵانێکە داگیرکاران چاویان لە باشوری کوردستان و تەواوی کوردستانە. کەلسوم داوا لە هاوڵاتیان و تایبەت ژنان دەکات لەم دوو ساڵەدا کە کۆتایی بە ڕێکەوتنی لۆزان و پلانی سەد ساڵی دابەشکردنی کوردستان دێت، تێکۆشان و بەرخۆدان بکەن و پلانی سەدساڵەی داگیرکاران هەڵبوەشێننەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان و دەشڵێت میدیاکان ڕاستییەکان لە هاوڵاتیانی کوردستان دەشارنەوە: "ئەگەر خاکی باشوری کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی دەوڵەتی تورکیا حاڵی باشوور لە عەفرین و شەنگال و دوزخورماتو.. باشتر نابێت و داواش لە ژنان دەکەم هەڵوێستی خۆیان هەبێت چونکە ئەگەر هێرش بکرێت و باشوری کوردستان دەستبەسەر بکرێت ئەوا هیچ یەک لە پیاوەکانیان ناتوانن بەرگریان لێ بکەن.
کەلسومی ڕۆژنامەنووس لە کۆتایدا دەڵێت: "ئەو بەرگریەی ئێستا گەریلاکان دەیکەن بەرگرییە لە باشوری کوردستان و پاراستنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام سەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیرادەیان لە دەستداوە و تەسلیم بە داگیرکەران بوون.
ت.پ