لە سوەیدا ژنێکی گەنج بەبیانووی کێشەی خێزانییەوە کوژرا
کوژرانی ژنێکی گەنج بەناوی ڕەغەد ئەندەری لە گوندی ئەلتەیبە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سوەیدا بووە هۆی تووڕەیییەکی گەورەو کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوا کراوە کە تاوانباران و بەرپرسانی ڕووداوەکە سزا بدرێن.
سوەیدا
توندوتیژیی خێزانی و کوشتنی ژنان بووەتە یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگەکان. ئەو ڕووداوانەی بە ناکۆکییەکی بچووکی خێزانی دەستپێدەکەن، دەگۆڕێن بۆ هێرشی کوشندە.
لە لایەن باوکییەوە کوژرا
ڕەغەد ئەنداریی تەمەن ۲۱ ساڵ، دوێنێ ئێوارە لە گوندی ئەلتەیبەی سەر بە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی سوەیدا، دوای ئەوەی درایە بەر دەستڕێژی گلـلە، گیانی لەدەست دا. سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگیاند کە باوکی بە ناوی جەندەل ئەلئەنداری کچەکەی خۆی کوشتووە و هەڵاتووە.
ڕەغەد نەبراوەتە نەخۆشخانە
سەرچاوەکانی گوندەکەوە ڕایانگەیاند کە باوکەکە دوای تەقەکردن لە کچەکەی هەڵاتووە و تا ئێستاش شوێنی نادیارە. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە ڕەغەد بێ ئەوەی ببرێتە نەخۆشخانە، بە خاک سپێردراوە.
بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کوژراوە
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕوونیان کردەوە کە لە نێوان دایک و باوکی ڕەغەددا کێشە و ناکۆکی هەبووە، باوکەکە دایکەکەی لە ماڵ دەرکردووە، بەڵام ڕەغەد ڕەتی کردووەتەوە کە دایکی بڕوات. دەستنیشان کراوە کە بەم هۆیەوە کێشەکە گەورە بووە و لە کۆتاییدا باوکەکە تەقەی لە کچەکەی کردووە. بەپێی سەرچاوەکان، ڕەغەد لە ناو خێزانەکەیدا چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە و کەمئەندامییش لە قاچێکیدا هەبووە.
داوای لێپرسینەوە دەکرێت
بەهۆی ڕوودانی ئەم تاوانەوە، داوا لە لایەنە ئەمنی و دادوەرییە پەیوەندیدارەکانی سوەیدا کراوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکەنەوە، هۆکارەکانی کوژرانی ڕەغەد ئەلئەنداری ئاشکرا بکەن و باوکی بکوژ بدرێتە دادگا.