لە سەرتاسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی هێرشەکانی تورکیا گردبوونەوە بەڕێوەدەچێت
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، هەروەها گەمارۆی ڕژێم لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەردەوامی هەیە، بەو هۆیەوە لە سەرتاسەری هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا گردبوونەوە دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە کۆبانێ چادری دانیشتن لەلایەن تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕەوە بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوامە و ئەندامانی یەکێتی ژنانی گەنجی کۆبانێ ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان و ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، جەختیان کردەوە کە ئەوان بەردەوامن لە بەرهەڵستی هێرشەکانی تورکیا.
فەریال تەمی، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی کۆبانێ، وتی: "لە چادری بەرخۆدان و سەربەرزییەوە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هێزەکانی گەریلا ڕەتدەکەینەوە کە بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی دەیکات، ئەمە یەکەم جار نییە کە دەوڵەتی تورک گەریلا دەکاتە ئامانج و لەهەموو هیرشەکان شکستی هێناوە ئەمجارەش شکست دەهێنێت، ئەو هێرشانە ڕەتدەکەینەوە و بەردەوامبوونی تێکۆشانمان دووپات دەکەینەوە".
هەروەها دیجلە حەسەن، وتی:" ئێمە بەرەنگار دەبینەوە و لە مەیدانەکان دادەنیشین و چالاکیەکانمان چڕ دەکەینەوە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا تورکیا هێزەکانی گەریلایان کردە ئامانج، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێنا و هێزەکانمان شکستیان پێدەهێنن و پلانەکەیان شکست دێنێت".
لە قامیشلۆش ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و تیایدا ژنان ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە ئامانج لێی لێدانە لە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە، لە ڕێپێوانەکەدا، هێجی سەید بەناوی بەڕێوبەرایەتیی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ وتی: "داوا لە هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەم کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە کە لە دژی ئێمە و دژی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک دەکرێت".
هێڤی سەید داوای لە هەموو دایکان کرد کە پشتگیری شەڕڤانان بکەن و وتی: "دەبێت دژی ئەو هێرش و سیاسەتانەی کە دژی خاکەکەمان و پرۆژەکەمان هەیە خۆڕاگری بکەین".
هاجەر عەلی، بە ناوی هێزەکانی پاراستنی گەلەوە، وتی: "ئێمە ئەو سیاسەتە فاشیستەی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین کە لەسەر گەلەکەمان پەیڕەو دەکرێت بۆ شکاندنی ئیرادەی ئێمە، هێرشەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکەکەمان شەرمەزار دەکەین" جەختیشی کردەوە کە ئەوان واز لە تێکۆشان ناهێنن و داوای ئازادی خۆیان دەکەن.
نەجاح سەعید، دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان وتی: "ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەناوبردن و شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردە بۆ لەناوبردنی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی و برایەتیی گەلان، بەڵام بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و تێکۆشانمان لە دژی هەر ئایدۆلۆژیا و قەوارەیەک کە دەیەوێت خاکەکەمان داگیر بکات و کلتور و ناسنامەمان بسڕێتەوە".
ژنان لە ناوچەکانی شێراواو تل ڕەفعەت دووپاتیان کردەوە کە پیلانەکانی تورکیای دوژمن بۆ قڕکردن و سەرکوتکردنی گەلی کوردە و کوشتنی کوردە بەدەستی کورد، بۆیە داوا دەکەن هەموو پارت و هێزە کوردییەکان یەکبگرن و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا بوەستنەوە.
ئەمڕۆ، دانیشتوانی ناوچەکانی شێراوای عەفرین و تل ڕەفعەت لە پارێزگای شەهبا خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و تیایدا ئامینە موسا، بەشداربووی خۆپیشاندانەکە وتی: "ئامانج و هەوڵەکانی داگیرکاریی تورکیا بۆ لەناوبردنی کوردە بەدەستی کورد، ماوەی چەندین ساڵە ئەمە ڕوودەدات".
هەروەها فیدان حەسەن وتی: "ئامانجی تورکیا لەناوبردنی ئیرادەی کوردە بۆ سەلماندنی خۆیان، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە گەلی کورد هەموو یەکن گرنگ نییە حزب و بنەماکانیان چەند جیاواز بێت".
ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە هەرێمی فورات ئیدانەی بێدەنگی نێودەوڵەتی دەکەن
ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فورات ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بێدەنگیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردو جەختی لە بەردەوامی تێکۆشان لە بەرامبەر هێرشەکان کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە شەهبا ئیدانەی ئەو گەمارۆیە کرا کە لەلایەن ڕژێمەوە بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا سەپێندراوە و لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: "گەلی سوریا لە ڕۆشنایی بەردەوامی قەیران و سەپاندنی ڕژێم ژیانیان قورستر دەبێت، لە سەرەتای قەیرانەکانەوە حکومەتی دیمەشق ئەم سیاسەتەی لە دژی گەلەکەی پەیڕەو کردووە و لەو ناوچانەی کە نەیتوانیوە لە ڕووی سەربازیەوە بچێتە ناوەوە گەمارۆی داوەو هاوڵاتیانی برسی کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن".
ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەوانەی لە گەڕەکەکانی حەلەب لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەژین و ئەوانەی لە ناوچەکانی شەهبا نیشتەجێن هاوڵاتیانی سوریان، کەواتە چۆن حکومەتی دیمەشق بە هەر پاساوێک بێت دەتوانێت گەمارۆیان بدات و برسییان بکات و ئەگەر حکومەتی دیمەشق نوێنەرایەتی گەلی سوریا بکات، ئەوا بە گەمارۆدانیان و برسیکردنیان بە ناچارکردنی کۆچکردنیان، وەک داگیرکاریی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان وایە.