لە سلێمانی، هەولێر، کۆیەو ڕانیەو کەلار بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانە
سەدان کەس لە هەولێرو سلێمانی و کۆیەو ڕانیەو کەلار پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دژی چەتەکانی هەتەشەو دەوڵەتی تورک دەکەن و بێدەنگی ئەمریکا لە ئاستی هێرشەکان شەرمەزار دەکەن
ناوەندی هەواڵ
لە ئێستادا سەدان کە لە چالاکوانان و هاوڵاتییان ڕوویان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمڕیکا لە شاری هەولێر کردووە و توڕەیی خۆیان بەرامبەر هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر هێرشی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک دژی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
بەشداربووان دروشمی پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەڵێنەوە و پشتگیریی لە سەفەربەریی گشتیی و بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دژی هێرشەکان دەکەن.
ئێستا، لە شاری سلێمانی، سەدان کەس لە توێژەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد دژی هێرشەکانی چەتەکانى جۆلانی و دەوڵەتى تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندەران داوا لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکەن هەر ئەمشەو لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، چونکە ئەوە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو کوردەوە هەیە.
خۆپیشاندەران بە دروشمی “بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا” و “بژی بەرخۆدانی شەڕڤانان” لە شەقامی ٦٠ مەتری شارەکەوە بەرەو ناوەندی شارەکە بەڕێکەوتن و داوا لە هاوڵاتییان دەکەن بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.
لە کۆیەی سنووری هەولێر، ڕانیەی ئیدارەی ڕاپەرین و کەلاری ئیدارەی گەرمیان بەسەدان کەس کۆبوونەتەوەو پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و هێرشەکان شەرمەزار دەکەن.