لە سلێمانی شانۆیەک بەناونیشانی ''لەوەتی مرۆڤ هەیە منیش هەم'' نمایشکرا

گروپی شانۆی کەمئەندامانی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە، شانۆیەکیان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمەڵەکە و چەندین کەسایەتی و هونەرمەندی شاری سلێمانی ڕێکخست.

سلێمانی
 


دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆمەڵەی ڕۆژ لە شەقامی بەختیاری لە شاری سلێمانی، شانۆگەیەریەک بە ناوی ''لەوەتەی مرۆڤ هەیە منیش هەم'' بەڕێوەچوو، کە هەموو ئەندامانی شانۆگەریەکە خاوەنپێداویستی تایبەت بوون، سەرەتایی شانۆگەریەکەش بە وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەمال دەستی پێ کرد، کە بە هۆی بارینی بارانی بە خوڕو و نەبوونی خزمەتگوزاری بوونە قوربانی.

شانۆگەریەکە لە سەرەتادا بە نمایشێک دەستی پێ کرد و دواتر یەک بە یەکی شانۆکاران باسیان لە ژیان و شێوازی کەمئەندانمیەکەیان کرد، هەروەها هەریەک لە شانۆکاران بە جۆرێکی جیاواز کەم ئەندام بووم، یەکەم شانۆکارنابینابوو، کە باسی لە قورسی و زەحمەتیەکانی ژیانی  و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر زەحمەتیەکان کرد، کە چۆن توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە پارێزەر، دووەم شانۆکاریش گەنجێکی نابیست بوو باسی ژیانی خۆی کرد، کە چۆن ژیانی پرە لە هیواو جوانی و هوونەر و دەست رەنگینی ، هەروەها سێهەم شانۆکاریش گەنجێکی وەرزشکاربوو کە حەز و خولیای بۆ تۆپی پێ و وەرزش هی منداڵی بووە، وتی: من نەخۆشی داونم هەیە هەڵگری تەنها یەک کرۆمۆسۆمی زیاترم، هەروەها من خاوەنی چیرۆکێکی بەهێزی خۆ گونجاندنم و توانای فێربوون و تێکەڵاوبوونی خەڵکم هەیە و پێویستم بە بەزەیی نیە، بەڵکو پێویستم بە بروای ئێوەیە بەوەی کە توانام هەیە، چوارەم شانۆکاریش ژنێکی گەنج باس لە ئەزموونی ژیانی کردو وتی: من دەنکە ئەڵماسە ووردەکە و نیوەی جوانی ئێوەم ، هەروەها ژیانبەخشم من دڵێکی بچووکم هەیە وەک دەنکە گوێزێک، بەڵام دڵێکی فراوانم هەیە و خۆر و مانگ لە هەناوم هەڵدێت تا دەگەمە قوبەی ئاسمان، پێنجەم شانۆکاریش وتی: من ئۆتیزمم، ئۆتیزم ئاوێنەیەکی جیاوازە بۆ بینینی ژیان کە ئێوە نایبینن من ووردەکاری ژیان ئەبینم کە ئێوە نایبینن، ئێمەی کەسانی ئۆتیزم گەر هەلمان بۆ بڕەخسێت توانا و لێهاتووی زۆرمان هەیە وەک هونەر و وێنەکێشان، هەروەها شەشەم شانۆکاریش وتی :من خاوەن پێداویستم لەسەرکورسیەکی چەرخدار ژیان دەکەم و دەست و قاچم نیە بەس ژیان دەکەم.


''داوا دەکەم کە یەک ڕۆژ نا بەڵکو هەموو ڕۆژێک کار بکرێ بۆ خاوەن پێداویسیتییە تایبەتەکان''

گوڵزارعەبدوڵا، مامۆستای زمانی ئاماژە و وەرگێڕ، وتی: لەم شانۆگەریەدا بەشداریم کردووە و شانۆگەریەکەی ئەمڕۆ بە هۆی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانەوە ئەنجامدرا و لە هەموو جیهانیشدا لەم ڕۆژەدا بۆنەی تایبەت هەیە، هەروەها تیپی شانۆی ڕۆژ ئەم شانۆگەرییەیان ئەنجامدا، لە شانۆکەدا شەش کەس بەشداربوون، کە کە کەمئەندامیان نەبووە بە ڕێگر لەبەردەم خەون و سەرکەوتنەکانیاندا، بۆیە داوا دەکەم کە یەک ڕۆژ نا بەڵکو هەموو ڕۆژێک کار بکرێ بۆ خاوەن پێداویسیتییە تایبەتەکان و ئەوان خاوەن بەهرە و توانای تایبەتن.

 

وتیشی: شانۆکارمان هەیە کە خۆی شێوەکارە و بۆ یەکەم جارە بەشداری شانۆگەری دەکات، ئەویش شانۆکار سۆمایە، کە بە زمانی ئاماژە نواندی کرد لە شانۆگەرییەکەدا، بۆیە پێویستە تەواوی ساڵ کار و چالاکی هەبێت  بۆ دەرخستنی تواناکانی خاوەن پێداویستییەتایبەتەکان، بە تایبەتی ژنانی  خاوەن پێداویستی تایبەت کە ساڵ لە دوای ساڵ کاری باشتر دەکەن و داوایان لێ دەکەم بە دوای ئامانجەکانی خۆیاندا بڕۆن و کار بکەن بۆ دەرخستنی تواناکانیان.