لە سلێمانی لەسەر دۆسێیەی کوشتنی ژنێک تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
ەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردەوە، لەسەر دۆسێیەی کوشتنی ژنێک تۆمەتبارێک دەستگیر کرا، کە هاوژینی ژنەکەیە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەهۆی کوشتنی ژنیک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو هاتووە، لەسەر دۆسێیەی کوشتنی ژنێک تۆمەتبارێک دەستگیر کرا، کە ژنەکە لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی خێزانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هێزەکانمان لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانی ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوان هێڵکاریی بۆ شوێنی تاوانەکە ئەنجامدراو دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد و توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتبار "س، ف، ح" لەدایکبووی ١٩٩٦ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسێیەکە بەردەوامە.
لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان ٢١ ژن کوژراون و ١٧ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، چوار ژن لە مامۆستایانی ناڕازی و چالاکوان لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجامدراوە.